سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە.

بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کێشەکان سیاسیین و پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنەکان چارەسەر بکرێن.

مەسرور بارزانی لەو دیدارەدا دووپاتی کردەوە، کە پێویستە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەکی فیدڕاڵ پارێزراو بن.

لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاماژەی بە پێشکەوتوویی داتا سەنتەری ناوەندی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەت کرد کە پێویستە ببێتە نموونە بۆ هەموو عێراق و حکومەتی فیدراڵیش، سەنتەر و دامەزراوەی پێشکەوتووی هاوشێوە دابمەزرێنێت.

هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی بەریتانیا بە رێز و پێزانینەوە باسی لە دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کرد.