یه‌كه‌مین كارگه‌ی ڕیسایكلینی قیر له‌ هه‌ولێر داده‌مه‌زرێت

چواس خالید – هەولێر

بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كارگه‌یه‌كی به‌كارهێنانه‌وه‌ (ڕیسایكلین)، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت دامه‌زراوه‌، كه‌ قیری هه‌ڵكه‌ندراوی شه‌قامه‌كان ده‌كاته‌وه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌تایی و جارێكی دیكه‌ بۆ شه‌قامه‌كان به‌كار ده‌هێندرێته‌وه‌ و له‌ توانایدایه‌ ڕۆژانه‌ دوو هه‌زار تۆن قیر به‌رهه‌م بهێنێت.

به‌ گوێره‌ی داتاكان كارگه‌ی ڕیسایكلینی قیر له‌ هه‌ولێر، یه‌كێكه‌ له‌ پێشكه‌وتووترین كارگه‌كانی به‌كارهێنانه‌وه‌ی قیر و به‌هۆیه‌وه‌ بۆ له‌مه‌ودووا قیری ئه‌و شه‌قامانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان به‌سه‌رچووه‌ و تێكچوونه‌، چیدی فڕێنادرێن و له‌و كارگه‌یه‌دا ده‌كرێنه‌وه‌ به‌رهه‌می سه‌ره‌تایی و جارێکی دی به‌ كوالیتی به‌رز له‌ شه‌قامه‌كاندا به‌كار ده‌هێندرێنه‌وه‌، كه‌ جیا له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی به‌رهه‌مهێنانی قیر له‌ كوردستان، ژینگه‌ش له‌ پاشماوه‌ زیانبه‌خشه‌كانی قیری به‌كار هاتوو ده‌پارێزێت و چه‌ندان هه‌لی كاریشی ڕەخساندووە‌.
ڕاوێژ ڕه‌سوول، ئه‌ندازیاری كارگه‌كه‌ به‌ فه‌رمانگه‌ی مێدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاندووە‌: كاری ئه‌م كارگه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی قیری به‌كارهاتوو و به‌رهه‌مهێنانی قیری تازه‌، گرنگیی پڕۆژه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ كه‌متر پیسبوونی ژینگه‌، كه‌تر خه‌رجكردنی سووته‌مه‌نی و پاره‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی قیر.
كارگه‌ی ڕیسایكلینی قیر له‌ هه‌ولێر، كه‌ به‌ كارمه‌ندانی حكوومی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌ندازیاری كارگه‌كه‌ ده‌ڵێ “كارگه‌كه‌ له‌ توانایداهه‌یه‌ له‌ یه‌ك كاتدا دوو سه‌د تۆن قیر به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێكی له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی شه‌قامه‌كانی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی پێ نوێ بكرێته‌وه‌”.
دامه‌زراندنی كارگه‌یه‌کی له‌و شێوه‌ له‌ كوردستان و عێراقی فیدراڵ ده‌گمه‌نه‌ و عیماد ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌‌به‌ری چاککردنەوە‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر به‌ فه‌رمانگه‌ی مێدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگە‌یاندووه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی قیری كۆنی ڕێگه‌ به‌كارهاتووه‌كان و به‌كارهێنانه‌وه‌ی قیره‌كه‌ له‌ پڕۆژه‌ی دیكه‌دا.
به‌ڕێوه‌‌به‌ری چاککردنە‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر ده‌ڵێ “ئه‌م پڕۆژه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا یه‌كه‌مین پڕۆژه‌یه‌، كه‌ له‌یه‌ك كاتدا ژینگه‌ پارێزه‌ و دووكه‌ڵ و تۆز و دووانه‌ئۆكسیدی كاربۆن ده‌رنادات”.
عیماد ئه‌حمه‌د، هێما بۆ توانای به‌رهه‌مهێنانی كارگه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌م كارگه‌یه‌ ده‌توانێ ڕۆژانه‌ دوو هه‌زار تۆن قیر نوێ بكاته‌وه‌ و بۆ به‌كارهێنانه‌وه‌ ئاماده‌ی بكات، له‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌تاشدا ڕێگه‌ی هه‌ولێر – قوشته‌په‌، وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ به‌ به‌رهه‌می ئه‌م كارگه‌یه‌ نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌.
ئێستا به‌هۆی ئه‌م كارگه‌وه‌، له‌مه‌ودوا له‌گه‌ڵ هه‌ڵكه‌ندنی قیری شه‌قامه‌ خراپبووە‌كان، چیدی قیری خراپ فڕێ نادرێت و ژینگه‌ی پێ پیس ناكرێت، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌م كارگه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ و دوای تێپه‌ڕینی به‌چه‌ند پرۆسە‌یه‌كی پیشه‌سازیدا، ئاماده‌ ده‌كرێت بۆ قیرتاوكردنه‌وه‌ی كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی قیر له‌ هه‌ولێر، هه‌نگاوێكی گرنگی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی له‌ زیادتر خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی، ئێستا كه‌ حه‌فتانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و چه‌ندان شه‌قام و ڕێگاوبانی نوێ بنیات ده‌نێت و له‌گه‌ڵیشیان ڕێگه‌ خراپبووە‌كان نۆژه‌ن ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كارگه‌ كاریگه‌ریی ئه‌رێنی و ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه‌ كاره‌كان ئاسانتر و تێچووه‌كان كه‌متر و ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش پاكتر ده‌بێته‌وه‌.