بیست و پێنج تۆن دۆشاوی تەماتەی هەریر هەناردەی ئەمەریکا کرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە درێژەی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و ساغکردنەوەی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانیان، بیست و پێنج تۆن دۆشاوی تەماتەی ھەریر ھەناردەی ئەمەریکا کرا. بەڕێوەبەری کارگەی ئاوی تەماتەی ھەریر، گوتی: ئەمساڵ ھاوشێوەی ساڵی ڕابردوو تەماتە لە جووتیاران وەردەگیرێ و دەکرێتە ئاوی تەماتە و دەکەوێتە بازاڕ. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێم، دەڵێت: بەمەبەستی گەشەدان بە کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ، زیاتر لە سی ڕێککەوتن و گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان کردووە.

بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ ئاستی بەرهەمهێنانی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی و ھەناردەی دەرەوە کراون. فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ناوەوە و دەرەوە بازاڕ بۆ بەرھەمی جووتیاران دەدۆزینەوە، بۆ یەکەمجار بیست و پێنج تۆن دۆشاوی تەماتەی ھەریر ھەناردەی ئەمەریکا کرا، حکوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە بایەخ بە بەرھەمی ناوخۆ بدات، لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوام کارگەی نوێ دادەمەزرێنێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی ناوخۆ دا کە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ، ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێ گەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژە و پلانی زۆر باشی ھەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ھەفتانە چوار سەد تۆن پەتاتە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکات، تا ئێستە زیاتر لە ھەزار و پێنج سەد تۆن پەتاتەی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی چەند کاروانێکەوە ھەناردەی ئیمارات کردووە، جگە لەوەی برنج و سماقی کوردی ڕەوانەی دەرەوە کراوە.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
وەک بەشێک لە پلانە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران، لە مانگی ئاب، یەکەم کاروانی پەتاتەی ھەرێمی کوردستان گەیشتە بازاڕەکانی کەنداو، بووە جێی سەرنجی زنجیرە چێشتخانە جیھانییەکان بەتایبەتی ماکدۆناڵدز، کەی ئێف سی و ھاردیز و داوایان کرد ھەفتانە پێنج سەد، بۆ ھەزار تۆن پەتاتەی کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانیان بۆ دابین بکرێت. لەگەڵ ئەوەی چەندین بەرھەمی ئاژەڵی و کشتوکاڵیی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ئاستی بەرھەمێنانیان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لەوانەش، ھێلە، گۆشتی مریشک، پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار، تەماتە، شوتی و چەندین بەرھەمی دیکەی سەوزە و میوە، لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و تەحینی کونجیی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی ڕەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراوان تێیدا دەژین، خواستی لەسەرە.
جووتیاران دڵخۆشن بە ناردنە دەرەوەی بەرھەمەکانیان و سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەن بۆ ئەو پاڵپشتییەی لە جووتیاران دەکات، دەشڵێن، ئەوە ھاندەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا زیاتر پەڕە بە کەرتی کشتوکاڵ بدەین.
سیامەند لەشکری، جووتیارێکە، دەڵێت: ناردنە دەرەوەی بەرھەمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستکەوتێکی گرنگی حکوومەتی ھەرێمە، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ جووتیاران کە زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەن، چونکە ئەمجارە دڵنیا بووین لەوەی کە بەرھەمەکانمان وەکو ساڵانی ڕابردوو فڕێ نادرێن و ھەر بەرھەمێک لەناوخۆی کوردستان زیاد بێت ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.
ئەو جووتیارە، دەشڵێ: داوا لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستن بۆ جووتیاران دابین بکات، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بەو کەرتە بدەین و ھەموو جۆرە بەرھەمێک ھەناردەی دەرەوە بکەین.
شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەی ئاوی تەماتەی ھەریر، گوتی: ماوەیەکە لە عەلوەی ھاوچەرخی ھەولێر شوێنێکمان داناوە و لەوێ تەماتە لە جووتیاران وەردەگرین، ئەو تەماتەی کە گونجاوە بۆ ئاوی تەماتە تاقیگەیەک دانراوە و ئەوان بڕیاری وەرگرتنی دەدەن، چونکە ناکرێت ھەرە جۆرە تەماتەیەک بێت تێک بچێت و پێویستە بۆ ئاوی تەماتە گونجاو بێت و ئێستە ڕۆژانە پەنجا تۆن تەماتە لە جووتیاران وەردەگرین و بەردەوامیش دەبین لە وەرگرتنی و دەیکەینە بەرھەم و دەخەینە بازاڕ.
شوان حەمید، گوتیشی: ڕۆژانە بیست تۆن ئاوی تەماتە بەرھەم دێنین و دەیخەینە بازاڕ، بە نرخێکی ئەرزانتر و کوالیتیەکی باشتر، بۆیە بەردەوام دەبین، چونکە ئەمە بەرھەمی ناوخۆیە و گرنگیی پێ دەدرێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، دەڵێت: نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی سەرپەرشتی ئامادەسازییەکان بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی تازە بۆ دەرەوە دەکات، ئەوان تیمێکیان ھەیە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ ئێمە سەرپەرشتی دەکەن، ھەنگاوی باش نراوە و چەندین بەرھەم ھەناردە کراون.
ڕوونیکردەوە: سەنتەرێکی ڕاوێژکاریمان ھەیە لەگەڵ جووتیاران کار دەکات کە چۆن بەرھەم بێنن و چۆن پارێزگاری لێ بکەن و چۆن لێی بکەنەوە، بۆیە ھەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەرھەمی تازە ھەناردەی دەرەوە بکرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەموو ئاسانکارییەک بۆ جووتیاران دەکات، بۆ ئەوەی بەرھەمیان ساخ بێتەوە و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە ئێستە ھەم بەرھەمیان لە بازاڕ ساغ دەبێتەوە، ھەم ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی گەورەیە و وا دەکات جووتیاران زیاتر کشتوکاڵ بکەن.
ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕایگەیاند: بە پشتبەستن بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پشتیوانی و پاڵپشتیی کەرتی کشتوکاڵ و بەروبوومی ناوخۆ دەکات، لەگەڵ کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی و وڵاتانی وەک چین و ئەمریکا و وڵاتە عەرەبییەکان و زۆر وڵات و کۆمپانیای دیکە سی و یەک ڕێککەوتن و گرێبەستمان لە بواری گەشەدان بە جۆر و بڕی بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و ھەنگداری و ماسی و ئاودێری و بوارەکانی دیکەی کشتوکاڵ کردووە.
گوتیشی: ناوەڕۆکی زۆرێک لەو ڕێککەوتنانە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و ئەنجامی باشیشیان ھەبووە و ھەندێکی دیکەش لە قۆناغی دەستپێکردندان و بەھۆیانەوە تەکانێکی باش بە ڕەوشی کشتوکاڵ دەدرێت.
ھیوا عەلی، زیاتر دەڵێ: ھەندێک لە ڕێککەوتنەکان وا کراون ئەگەر بەروبوومەکە لە پێویستی ناوخۆ زیاد بوو، ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە کاری پێویست کراوە و ھاوشێوەی ساڵانی پێشوو زۆرێک لە بەروبوومی کشتوکاڵ و ئاژەڵی دەنێرینە دەرەوەی وڵات.