هەندرێن ئەحمەد: هەوڵێک هەیە لە عێراقەوە بۆ لێکترازانی متمانەی نێوان هاووڵاتیان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان

مەزهەر کەریم – سلێمانی

هەندرێن ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان لەم گفتوگۆیەیدا بۆ “هەولێر” دەڵێت “پێدانی مووچە لە بەغدا وە بەفەرمانبەرانی هەرێم جۆرێكە لە خۆبەدەستەوەدان. دەشڵێت” ئەو كەس و لایەنانەی ڕەوایەتیی بەو کارە دەدەن دەچێتە خانەی ئەو سیاسەت و سیناریۆیانەی لە عێراقەوە دژی كوردستان پەیڕەو دەكرێت”.

  • بۆچی پاش ڕادەستكردنی نەوتیش، بەغدا شایستە داراییەكانی هاوڵاتیانی هەرێم نانێرێت؟
  • ناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە ململانێ و موزایدەی سیاسیەوە هەیە لەعێراقدا، مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان لەعێراق پێشلكراون و سیناریۆیەك لە عێراقدا هەیە بۆ لێكترازانی متمانەی نێوان هاووڵاتیانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
  • بۆچی دادگای فیدراڵی لەم ٢ ساڵەی دواییدا بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستانە ؟
  • ئەمڕۆ لە عێراقدا لە جیاتی بەكارهێنانی سوپا و چەك، لایەنی سیاسیی شیعە و سوننە یاری سیاسی لە گۆڕەپانی عێراقدا دەکەن، لە ڕێگای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی دژی هەرێمی كوردستان بڕیار دەدەن بەهاوكاریی هەژموونی هەرێمایەتی.
  • بۆچی هەندێک لایەنی کوردی لە بەغدا وەکو نەیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن؟
  • ئەو گرووپ و لایەنە کوردیانە بەئامانجی دوور مەودا پێیان وایە ئەم هەنگاوانە لەنوخبەی سیاسی عێراق نزیكیان دەكاتەوە تا لەداهاتوودا بگەنە دەسەڵات ئەو حزب و لایەنە سیاسیانە بەهۆكاری ڕازی کردنی ئەوەی كەسانێكی ناڕازی لەناوخۆی کوردستان ئەو سیاسەتەیان پێخۆشە لەدژی هەرێمی كوردستان بجووڵێنەوە، بەو شێوەیە کار دەکەن بۆ بەدەست هێنانی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردن.
  • هیچ هەوڵێک لە عێراق هەیە بۆ ئەوەی دەستوور ببێتەوە ناوبژیوانی کێشەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا؟
  • هێشتا دەوڵەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی بڕوایان بەدەوڵەتداریی نییە، وەك كۆمپانیایەكی تایفی ملكەچی وڵاتانی هەرێمایەتین، نوخبەی سیاسی و مەرجەعەكانیان بڕوایان بە یاسا و دەستوور نییە ئەگەر بۆیان بگونجێت. لەدەرفەتێك دەگەڕێن بە زۆرینەی سیاسی و قەومی دەست بۆ هەموواری دەستوور بەرن، بۆیە ئەوەی ئیستا ڕوودەدات لەعێراقدا پێشێلكردنی مافە دەستووریەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، پێویستە لەهەرێمی کوردستان نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری و جەماوەری بەمیساقێكی نیشتمانی ڕووبەڕوویان ببنەوە.
  • دەبێت هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان چۆن ڕووبەڕووی ئەو تەحەدیانەی دەوڵەتی عێراق ببنەوە؟
  • نابێت تەنیا بەدروشم مامەڵە لەگەڵ مەترسیەكان و فشارەكان بكەین، دەبێت هەموومان یەك گوتار بین بەرامبەر بەغدا دژی سیناریۆ دژەكان، پێموایە جەماوەری كوردستان هەر جەماوەر شۆڕشگێڕەكەی سەرەتای ڕاپەرینە مەزنەكەیە.
  • بۆچی حکوومەتی عێراق وەك پێویست پابەندنی رێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا نابێت؟
  • بۆ هەموو ڕێكکەوتنێك ئەگەر نیەتێكی باش نەبێت نابێت چاوەڕێی جێبەجێ كردنی بكەین، سوودانی لەهەناوی دژی هەرێم كاندید كراوە هەرچەندە ئەو ڕۆڵەیی هەیەتی كەسایەتیەكی نەرمی هەیە یان نەرمی نیشاندەدات بەڵام ناتوانێت لە سیاسیەتی لایەنە شیعیەكان و هەرێمایەتی لابدات.
  • حزبەكانی كوردستان بەرامبەر پێشێلكردنی مافە دەستووریەكانی خەڵكی هەرێم لەبەغدا چی بكەن؟
  • بەكارهێنان و ڕاكێشانی كارتی نێودەوڵەتی بۆ نێوەندگیری، هەبوونی میساقێكی نیشتمانی لەنێوان سەرجەم لایەنەكانی هەرێم تا چی بكرێت لەم قۆناغەدا بەدەستهێنانەوەی متمانەی جەماوەری كوردستان، وابکرێت هەرێمی كوردستان لە جەمسەرگیری بپارێزرێت.
  • ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن عێراقەوە دابەش بکرێت، ئەم هەوڵە چۆن دەبینن؟
  • شەرمە سیاسیەتی كەسێك و حزبێك هەبێت باوەڕی بە دەوڵەتی عێراق هەبێت لەكاتێكدا من یەتەواوی لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی خەڵكی كوردستانم، بەڵام ناكرێت ڕەوایەتی مافەدەستوریەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بگۆڕینەوە بە مووچە لە سیاسیەتی نیشتمانیدا ئەم كارە هەڵەیە جۆرێكە لەخۆبەدەستەوەدان دەچێتە خانەی ئەو سیاسیەت و سیناریۆیانەی لەناوخۆ و بەغدا و هەرێمایەتی دژی كوردستان پەیڕەو دەكرێت.