رێنماییەکانی ناونووسین بۆ وەرزی نوێی حەج راگەیەندرا

ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، فۆڕمی ناونووسین بۆ حەجی 2024 ماوەی 12 رۆژ بەردەست دەبێت جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە، دواتر فۆڕمە نوێیەکان لەگەڵ فۆڕمی ساڵانی رابردوو تیروپشکیان بۆ دەکرێت و سەدا 40ـی فۆڕمە نوێیەکان دەرفەتی حەجکردنیان پێدەدرێت.

گوتیشی: هەر هاووڵاتییەک پێشتر حەجی کردبێت، بۆی نییە ناوی خۆی تۆمار بکات، ئەگەر تۆماریشی بکات، لەکاتی ئەنجامدانی تیروپشک فۆڕمەکەی پوچەڵ دەکرێتەوە، تەنیا ئەو کەسانە نەبێت کە بۆ هاوەڵی کەسێکی دیکە حەج دەکەن و خۆیان بە (مەحرەم حاجی) ناونووس دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر هاووڵاتییەک زیاتر لە یەک فۆڕم پڕبکاتەوە، دەرفەتی چوون بۆ حەج لەدەستدەدات و فۆڕمەکانی پوچەڵ دەکرێتەوە.

راشیگەیاند، بەپێی رێنماییەکان ئەو کەسانەی فۆڕمی حەج پڕ دەکەنەوە نابێ تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بێت، دەبێ دانیشتووی هەرێمی کوردستان بن، ناونووسین بەپێی فۆڕمی خۆراک و کارتی زانیاری دەبێت، پڕکردنەوەی فۆڕمەکە لە نووسینگەکانی حەج و عومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت، پێویستە لە ماوەی چوار رۆژدا فۆڕمەکە بگەڕێننەوە ئەو شوێنەی کە فۆڕمەکەی لێوەرگرتووە، لەو وادەیە دوابخرێت مافی ئەوەی نابێت ناوی بچێتە ناو تیر و پشک.