باران بارین دەستپێدەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایگەیاند، دووسبەی سێشەممە بارانبارین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 3 تاوەکو 5 پلەکانی گەرما دادەبەزن.

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند: سبەی دووشەممە  ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەھەور و پلەکانی گەرما بەجێگیری دەمێنێتەوە و بای باشووری ڕۆژئاوا کاتەکانی پاش نیوەرۆ بەخێرای 15-35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک چالاک دەبێت.

ڕاشیگەیاند: دووسبەی سێشەممە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری حاڵەتێکی ناسەقامگیری بەرگەھەوا کە لە ئەنجامی کاریگەری لاوازی بارستەھەوایەکی سارد لە باکوری تورکیا و درێژبوونەوەی بارستەیەک ھەوای شێدار لە باشووری ڕۆژئاوای عێراقەوە و کۆبوونەوەی لەسەر ناوچەکانمان دەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورەبرووسکە و تاوەبارانی پچڕپچڕ لە ناوچەی جیاجیادا بەگشتی کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت لە سنووری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین و ئەگەری تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕیش لە ھەندێ شوێنی ئەم ناوچانەدا دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە بەشێوەیەکی لاواز بۆ مامناوەندیش لەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و کەرکووک و ھەڵەبجە کاریگەری دەبێت بەشێوەی تاوەبارانی پچڕپچڕ و چالاکبوونی ھەورەبرووسکە لە ھەندێ کاتدا.

سەبارەت بە پلەکانی گەرماش دەڵێت: ھەر لە رۆژی سێشەممەدا نزمبوونەوە بە ڕێژەی 3 تاوەکو 5 پلە بەخۆیەوە دەبینێت بەراورد بە ئەمڕۆ یەکشەممە.

ئەو شارەزایەی کەشناسی لەبارەی کاتی کۆتاهاتنی شەپۆلەکە ئاماژەی بەوە دا کە کاریگەری ئەم ناسەقامگیرییە تاوەکو بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 11ـی 10ـی 2023 بەردەوامی دەبێت.