پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كات ژێرخانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان پته‌و بكات

چواس خالید – هەولێر

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار له‌ بنیاتنان و پته‌وكردنی ژێرخانی ئاو و پڕۆژه‌ی كاریگه‌ر له‌ زیادكردنی ئاوی ژێر زه‌وی و گلدانه‌وه‌ی ئاوی سه‌ر زەوی ده‌كات، ئێستا ده‌یان پۆند له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست دە‌كرێت و پۆندێكیش له‌ به‌رزاییه‌كانی كه‌سنه‌زان ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێ کردنە‌وه‌.

به‌ مه‌به‌ستی گلدانه‌وه‌ی ئاو و ئاودێری و بواری گه‌شتیاری و ئاوی ژێر زه‌وی، پۆندێكی گه‌وره‌ له‌ به‌رزاییه‌كانی كه‌سنه‌زان دێته‌ جێبه‌جێكردن.
پارێزگای هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێ، له‌ پێناو گلدانه‌وه‌ی ئاو و زیاتر کردنی و پاراستنی ڕێژه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی و پاراستنی شاری هه‌ولێر له‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی لافاو، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، له‌ ده‌وروبه‌ری سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر، گرنگییه‌كی زۆری داوه‌ به‌ دروستكردنی پۆند و به‌نداو، كه‌ له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌ك پۆندی ئاو كه‌وتوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێ کردنە‌وه‌.
یه‌ كێك له‌و پۆندانه‌ی كار له‌ بنیادنانی ده‌كرێت، ده‌كه‌وێته‌ به‌رزاییه‌كانی كه‌سنه‌زان نزیك مۆنۆمێنتی شه‌هیدان، كه‌ به‌ته‌واو بوونی ئه‌و پۆنده‌، جیا له‌ سوود گه‌یاندن به‌ پاراستن و زیادتركردنی ڕێژه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی و پاراستنی شاری هه‌ولێر له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی دروستبوونی لافاو، له‌ وه‌رزی هاویندا سودی زۆری بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری له‌ ناوچه‌كه‌ و ده‌بێت و له‌ هه‌مانکاتیشدا ده‌بێته‌ شوێنێكی گه‌شتیاری و كاریگه‌ری له‌ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری ده‌بێت، كه‌ سیمایه‌كی دڵگیرتر به‌ شاری هه‌ولێر ده‌به‌خشێت.
ساڵانێكه‌ به‌هۆی كه‌میی باران و دروستكردنی به‌نداو و گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ وڵاتانی دراوسێ، مه‌ترسی وشكه‌ ساڵی و كه‌میی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، به‌پێی ئاماره‌كان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕشتانه‌ كاری له‌ بنیاتنان و پته‌وكردنی ژێرخانی ئاو و پڕۆژه‌ی كاریگه‌ر له‌ زیادكردنی ئاوی ژێر زه‌وی و گلدانه‌وه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی دیكه‌ ده‌كات.
به‌نداو و پۆنده‌كانی ئاو كه‌ سوودی زۆریان هه‌یه‌ بۆ ئاوی ژێر زه‌وی و ئاودێری و كشتوكاڵ و ڕاكێشانی گه‌شتیاریش، له‌ ماوه‌ی ڕابردوو سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومەنی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بنیاتنانی ده‌یان پۆندی له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان دا.
له‌قۆناغی یه‌كمدا ٢٣ پۆند به‌ گوژمه‌ی ١٣ ملیار دینار له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ هه‌شت دانه‌یه‌ن له‌ پارێزگای هه‌ولێر و ٣ پۆند له‌ سلێمانی و نۆ له‌ دهۆك و سێ پۆندیش له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بنیات ده‌نرێت، كه‌ كاریگه‌ریان له‌ ژێرخانی سه‌رچاوه‌ ئاوییە‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
له‌ قۆناغی دووه‌میش ١٤ پۆند به‌ گوژمه‌ی دوازدە ملیارد و شەش سەد ملیۆن دینار له‌ ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر دروست ده‌كرێن و كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی لافاو بۆ ئه‌و شاره‌ ده‌بێت.
پێشتر تێچووی هه‌ر پۆندێك زیادتر له‌ یەک ملیارد و شەش سەد ملیۆن دینار بووه‌، كه‌ ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خه‌رجی و تێچووه‌كانی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ و ئێستا تێچووی هه‌ر پۆندێك بۆ نزیک حەوت سەد ملیۆن دینار كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كات ژێرخانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان پته‌و بكات، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی سه‌رچاوه‌كانی ئاو، دراسه‌ی چه‌ندین پڕۆژه‌ كراوه‌ بۆ پاكتاوكردنی ئاوی ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌وی له‌ڕێگه‌ی ده‌ستكرده‌وه‌، كه‌ یه‌كیان بریتییه‌ له‌ زیادكردنی ئاوی ژێرزه‌وی له‌ ڕێگه‌ی بیری ده‌ستكرده‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی كاری له‌سه‌ر كراوه‌ و بڕیار وایه‌ ٢٠ بیر له‌ ده‌وری هه‌ولێر لێبدرێت تا له‌ ڕێگه‌یانه‌وه‌ ئاوی سه‌رزه‌وی شۆڕبكرێته‌وه‌ بۆ ژێر زه‌وی.