هەڵمەتێکی چڕیان بۆ دەرکردنی جووتیارانی کورد دەست پێکردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سوپای عێراق ماوەیەکە کەوتووەتە جووڵە و بە هێمنی سیاسەتی بەعس لە سنووری پارێزگای کەرکووک جێبەجێ دەکات و لە هەوڵی دەرپەڕاندنی جووتیارانی کورددایە، ئەم هەوڵانە لە کاتێکدا دەدرێن کە یاسا و دەستوور بەشێک لە کێشەی زەویی جووتیارانی یەکلایی کردووەتەوە و بابەتەکە هیچ پێوەندییەکی بە سوپاوە نییە.

سوپای عێراق بە وردی چاودێریی سنووری چەند گوندێکی کەرکووک بە تایبەتی سەرگەڕان دەکات و تەنانەت لە چەند رۆژی ڕابردوودا هەمەری سەربازی لە سنووری ئەو گوندە جێگیر کرد و رێگە نادات جووتیاران لەسەر زەویی باب و باپیرانیان کار بکەن. جگە لە سەرگەڕان کشتوکاڵ لە جووتیارانی هەر یەک لە گوندەکانی پەڵکانە، گابەڵەکە، شەناغە، خەرابە و سەربەشاخ قەدەخە کراوە.
سەیر لەوەدایە بۆ پرسی زەوی جووتیاران و گەڕاندنەوەی مافی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکان لە جیاتی لایەنە یاسایی و پێوەندیدارەکان بڕیار بدەن و ڕۆڵ بگێڕن ڕاستەوخۆ سوپای عێراق هاتووەتە نێو بابەتەکە و بە زەبری چەک و هێز دەیەوێت جووتیارە ڕەسەنەکان دەربکات و جووتیارە هاوردە عەرەبەکان لە جێگایان دابنێت، هەنگاوێک کە دووبارەکردنەوەی هەمان هەنگاوی بەعسە بۆ دەرکردنی جووتیارانی کورد لە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان.
جووتیارانی کەرکووک کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بۆ سەر زەوییەکانیان گەڕاونەتەوە، وەبەرهێنانیان کردووە و بە لێدانی بیر و گواستنەوەی ئاو و مەرەشە هەوڵیان داوە گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە بەڵام سوپا بە پلان دەیەوێت ژێرخانی کشتوکاڵیی خەڵکەکە وێران بکات و ناچار بە دەرکردنیان بکات. سوپا تەنانەت هێنانی ئالیک بۆ ئاژەڵ و پەینی کیماوی و هەموو کەرەستەیەکی کشتوکاڵی بۆ نێو ئەو گوندانە قەدەغە کردووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کێشەی ئەو گوندانە بەڵام خەڵکی سنوورەکە بە ڕێکارەکان ڕازی نین و دەڵێن لیژنەکە بێلایەن نییە و جووتیارانی کورد بەڵگەی تەواویان هەیە لەسەر ئەوەی گوند و زەوییەکان هی ئەوانە و فڕیان بە عەرەبەوە نییە.
دەرکردنی جوتیارانی کورد بە تایبەتی لەو کاتەوە زیاتر پەرەی سەندووە کە لە ئاکامی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ پێشمەرگە پاشەکشەی کرد و ئیدارەی پارێزگای کەرکووک کەوتە دەستی عەرەبێکی شۆڤێنی و لەو کاتەوە بە پلان سیاسەتی بەعس لە کەرکووک جێبەجێ دەکرێت.
پێویستە بگوترێ ئەو هێزەی سوپای عێراق کە زیاتر لە هەفتەیەکە بە پراکتیکی دەستی بە دەرکردنی جووتیارانی کورد کردووە سەربە فیرقەی هەشتن و لە ژێر فەرمانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی كەركووكدان كە ڕاکان جبووری پارێزگاری سەپاوی کەرکووک لێی بەرپرسە.
نەجوا کاکەیی نوێنەری کورد لە پەرلەمانی بەغدا پێی وایە کێشەکە پەیوەستە بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس و بە پێویستی دەزانێت لەبنەڕەتەوە چارە بکرێت، ئێستا لیژنەی ماددەی ١٤٠ کاری لەسەر دەکات و پڕۆژەیاساکە ئامادەیە لەگەڵ لیژنەکە ھەماھەنگی دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و لە پەرلەمانەوە ھەموو بڕیارەکانی سەردەمی ئەنجوومەنی بەناو شۆڕش ھەڵبوەشێننەوە.
جێی باسە بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٩ـی ساڵی ٢٠١٢ ی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکور، زیاتر لە حەوت سەد گرێبەستی عەرەبی هاوردە هەڵوەشاوەتەوە و فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکیش بە نووسراوی فەرمی فیرقەی هەشتی سوپای عێراقی ئاگادارکردوووەتەوە ڕێگە لە کاری کشتوکاڵیی جووتیارانی کورد نەگرن، بەڵام سوپای عێراق گوێ بە داواکارییەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک نادات.
جووڵەی سوپای عێراق لە سنووری مادەی ١٤٠ بە هەنگاوێکی نایاسایی هەژمار دەکرێت چونکە بە پێی یاسا دەبێت سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە ئاسایشی سنوورەکە بپارێزن. بڕیارە دوو لیوای هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ هەمان مەبەست دروست بکرێن بەڵام ئەمەش دەستی دەستی پێ کراوە و دامەزراندن و دەستبەکاربوونیان لە کاتی خۆیدا دواکەوتووە.