ئەمڕۆ یەکشەممە 08ـی 10ـی 2023 ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان “ئاوات جەناب خۆشحاڵی خۆی بەو هەماهەنگی و هاوکارییە دەربڕی کە ماوەی چەند ساڵێکە لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بۆ وردبینی و بەدواداچوونی داتا و زانیارییەکان لەلایەن تیمە هاوبەشەکانی هەردوولا دەربڕی.”
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە داوە کە “ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەمەبەستی جێبەجێکردنی دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بە وردبینی لە ژمارە و داتای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستاننن و دوای تەواوکردنی کارەکانیان ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.”
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ماوەی 30 ڕۆژ کارەکانیان تەواو بکەن