کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: لەدایکبووانی 2006 دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کردنەوەی قۆناغی نوێکردنەوە و تۆمارکردنی داتاکان بۆ لەدایکبووانی ساڵی 2006 راگەیاند، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی گوت: “ئەوکەسانەی لەدایکبووی ساڵی 2006، بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن، کە بڕیارە لە 25ی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دەستەی کۆمسیاران رەزامەندییان دەربڕی لەسەر کردنەوەی قۆناغی نوێکردنەوە و تۆمارکردنی داتایی دەنگدەرانی لەدایکبووی ساڵی 2006 بۆ ماوەی 10 رۆژ، کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستپێدەکات”، دەشڵێت: “ئەمەش بۆ زامنکردنی مافی دەنگدەرانی ساڵی 2006”.

رۆژی 3ـی ئابی 2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.