حکوومەت لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەپێناو زیادکردنی سەوزایی و ژینگەیەکی خاوێن و سەلامەت

چواس خالید – هەولێر

سه‌رباری بیانوگرتن و نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵییە‌وه‌، له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، حه‌فته‌ی ڕابردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شار و شاروچکە‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد، له‌گه‌ڵ ڕۆنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری، كار بۆ سه‌وزكردنی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات.

له‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ و زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ کراوە‌ و به‌رده‌وامه‌.
كاركردن له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی قشڵه‌ی كۆنی زاخۆ به‌رده‌وامه‌، كه‌ ته‌مه‌نی زیادتر له‌ هه‌زار و سه‌د ساڵه‌ و مه‌به‌ستیانه‌ دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وه‌ك مۆزه‌خانه‌یه‌ك به‌ڕووی گه‌شتیاران بكرێته‌وه‌.
بوونی ئه‌و شوێنه‌ كه‌له‌پووری و فەرهەنگییە كۆنانه‌، كه‌ وێنه‌ی ژیان و پێكه‌وه‌یی سه‌رده‌می كۆن پیشان دەده‌ن، هۆیەکن بۆ ڕاكێشانی گه‌شتیاران، كه‌ ئه‌وه‌یش یه‌كێكه‌ له‌ به‌نده‌كانی كارنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی كه‌رتی گه‌شتیاری هاوشێوە‌ی كه‌رته‌كانی دیكه‌، بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قشڵه‌ی زاخۆ، زیادتر له‌ په‌نجا و سێ ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌.
به‌ مه‌به‌ستی زیاترکردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی ڕابردوو تیمه‌كانی ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ڵمه‌تێكی چڕی چاندنی داریان ده‌ستیپێكردووه‌ و جیا له‌وه‌ هه‌زاران داریان به‌خشییه‌ دانیشتوانی سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر.
هه‌ر له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا، ژماره‌یه‌ك كۆڵان و شه‌قام له‌ شاری هه‌ولێر نۆژه‌ن و قیرتاو كرانه‌وه‌.
لەلایەکی دیکەوە، به‌پێی چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاری، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی دوو سه‌د و چل و یه‌ك ملیۆن و پێنج سه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج هه‌زار و حه‌وت سه‌د و هه‌شتا دینار بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانی و ئاو، له‌ سنووری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری. هاوکات، ئه‌و گوژمه‌یه‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ی سلێمانی ته‌رخان كراوه‌، له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانی و ئاوه‌ له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی سلێمانی و ده‌وروبه‌ریه‌تی.