پڕۆفیسۆر د. عەبدولكەریم یاسین كەریم: كۆلێژی زانست واتە كۆلێژی توێژینەوەکردن

دیمانە: هێمن خەلیل – هه‌ولێر

كۆلێژی زانست یەكێكە لە كۆلێژە گەورەكانی زانكۆی سەلاحەدین هەولێر. ئەم كۆلێژە لە حەوت بەشی زانستی پێك هاتووە. بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون دیدارێكمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر د. عەبدولكەریم یاسین كەریم ڕاگری كۆلێژی زانستدا كرد.

سەرەتا ڕاگری كۆلێژی زانست لەبارەی مێژووی كۆلێژەكە و بەشەكانەوە گوتی:
“مێژووی كۆلێژی زانست دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1968 یەكەم كۆلێژ بووە لە زانكۆی سلێمانی دامەزراوە، دواتر لە ساڵی 1981 زانكۆ هاتە هەولێر بوو بە زانكۆی سەلاحەدین، كۆلێژی زانست یەكێك بوو لە كۆلێژەكانی زانكۆی سەلاحەدین.
ئەم كۆلێژە لە حەوت بەشی زانستی پێك هاتووە كە ئەمانەن: بەشی بایلۆجی، بەشی كیمیا، بەشی فیزیا، بەشی ماتماتیك، بەشی كۆمپیوتەر، بەشی زانستەكانی زەوی و نەوت، بەشی زانست و تەندروستی و ژینگە.”
سەبارەت بە پەیڕەوكردنی سیستەمی خوێندن كە لەم كۆلێژەدا بە چ سیستەمێك دەخوێنرێت د. عەبدولكەریم ئاماژەی دا: “سیستەمی خوێندن لە كۆلێژەكەمان سیستەمی وەرزیە، سەرقاڵین ئەمساڵ قۆناغی یەكەم سیستەمی بۆڵۆنیا پەیڕەو بكەین، ئەم سیستەمە، سیستەمێكی پێویستە بۆ زانكۆكانی كوردستان، دەتوانین پەیڕەوی بكەین، چونكە یەكەم بەرەوپێشەوەچوونی ڕەوشی خوێندنە، هەروەها بەستنەوەی زانكۆكانمان بە زانكۆكانی دەرەوەی وڵاتە، قوتابیەكانمان بۆ خوێندن و وەرگرتنی هەر كۆرسێك یان وەرگرتنی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی دەرەوەدا هیچ گرفتێكیان نابێت، دەتوانن زۆر بە ئاسانی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ زانكۆكانی دەرەوە، هەروەها چۆنیەتی وانەگوتنەوە بۆ قوتابیان و سوود لە جۆریەتی شێوازی وانە گوتنەوەی سەردەم دەكەن، لە هەمان كاتدا لە سیستەمی بۆڵۆنیا قوتابی زیاتر ڕۆڵی دەبێت لەپڕۆسەی خوێندندا، لێرە قوتابی جووڵەی زیاتری پێ دەكرێت و زیاتر دێتە ناو خوێندن سوودیان لێ وەردەگرێت، لەو كاتەی قوتابی هاتە نێو كەشی خوێندن زیاتر سوود وەردەگرێت، ئەمە كاریگەری دەبێت لەو كاتەی كە قوتابی لە زانكۆ دەردەچێت و بە ئەزموونێكی باشتر لە زانكۆ دەردەچێت و بەئاسانتر هەلی كاری بۆ دەڕەخسێت. ئەو پڕۆسەیە ژمارەیەکی زۆری قوتابیانی زانکۆکانی دەرەوە دەتوانن سەردانمان بکەن و زانکۆکەمان زیاتر بەرەو بەنێودەوڵەتیکردن دەچێت.”
تایبەت بە تاقیگە و هۆڵەكانی خوێندن ڕاگری كۆلێژی زانست دەڵێ: “سوپاسی بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کامەران یونس دەکەین کە لە ساڵانی ڕابردوو بوجەیەکی باشی بۆ کۆلێژەکەمان تەرخان کردبوو بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵەکانی خوێندن و تاقیگەکان، بەڵام بەنیسبەت پێداویستی ناو هۆڵەکان و تاقیگەکان هێشتا کەموکوڕی زۆرمان هەیە هیوادارین بەڕێزیان بەردەوام بن لە پاڵپشتیمان هەروەکچۆن درێغیان نەکردووە لە هاوکاریکردنمان تاوەکو قوتابیانمان لە کەشێکی زانستی کات بەسەر ببەن و ببێتە مایەی وەرگرتنی باشترین زانست و زانیاری.”
بەو پێیەی د. عەبدولكەریم لەو ماوەی ڕابردوو وەكو ڕاگری كۆلێژی زانست دەستبەكاربووە، بۆیە پلان و بەرنامەی هەیە بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەبردنی كۆلێژ و گوتی: “پلانمان هەیە ماوەی ساڵانی داهاتوو بەرەو پێشەوەچوونی زیاتری ئەو كۆلێژە بكرێت، گرنگیەكی زیاتر بە توێژینەوەی داهێنەرانە و تەكنەلۆژیای نوێی وانەگوتنەوە بدەین لەلایەن مامۆستایانەوە تا ئەو زانستەی هەمانە بە شێوەیەکی زانستیانەی سەردەم بگەیەنینە قوتابیان، لە هەمان کات گرنگیەکی باش بە مەنهەجی خوێندن دەدەین بە ڕادەیەکی باش بگونجێت لەگەڵ بازاری کار.”
سەبارەت بە توێژینەوە هانی مامۆستاكانمان دەدەین كە توێژینەوە بكەن، وەكو زیاتر پەیوەست بین بە توێژینەوە، كۆلێژی زانست واتە كۆلێژی توێژینەوەکردن؛ سوپاس بۆ خوا دەتوانم بڵێم زۆربەی مامۆستاکانمان خاوەن توێژینەوەی باشن کە بڵاو دەکرێنەوە لە گۆڤارە نێودەوڵەتیە ئاستبەرزەکاندا؛ هەتا پێمان بكرێ هانی مامۆستا و قوتابیەكانیشمان دەدەین تا توێژینەوەی زیاتر بكەن، دەبێت توێژینەوە داهێنانی تێدا بكرێ و كۆمەڵگا سوودی لێ وەربگرێت. بەو هیوایەین کە دامودەزگاکانی حکومی و ناحکومی زیاتر هەماهەنگ بن لەگەڵمان و هەر گیروگرفتێکیان هەبێت داوامان لێ بکەن بە توێژینەوە بۆیان چارەسەر بکەین.”
تایبەت بەو بەشانەی كە پەیوەستن بە بازاڕی كارەوە كە قوتابی دوای دەرچوونی كاری دەست دەكەوێت، دكتۆر دەڵێ: “بەشەكانی كۆلێژی زانست پەیوەستن بە بازاڕی كارەوە تاڕادەیەكی باش كارمان لەسەر ئەوە كردووە لە بەشەكان لقیان لێ دروست بكەین، تا قوتابیان لەدوای دەرچوون پسپۆڕیان هەبێت، بۆ نموونە بایلۆجی، بایلۆجی گشتی و بایلۆجی پزیشكیمان هەیە، دەرچوانی ئەم بەشە دەتوانن ببن بە مامۆستا لە قوتابخانە حکومی و ئەهلیەكاندا كار بكەن، هەروەها لە تاقیگەکانی کارگەی تایبەت بە خۆراک و تاقیگەکانی کوالیتی کۆنترۆڵدا، دەتوانن کار بکەن لە تاقیگەکانی نەخۆشخانەی حکومی و ئەهلیەكاندا، بەهەمان شێوە لە بەشی فیزیا،فیزیای پزیشكیمان كردیتەوە دەتوانن لەو تاقیگانەدا کار بکەن کە دیاریکردن و چارەسەری نەخۆش دەکەن بە تیشک، هەروەها لە بەرنامەماندایە لە بەشی كیمیا، كیمیای پزیشكی یان كلینیكی لەگەڵ كیمیای نەوت بکەینەوە، لقی هایدرۆ كە گرنگی بە زانستی ئاو دەدات لە بەشی زانستی زەوی بکەینەوە کە وەکو ئاگادارین کێشەی داهاتووی جیهان لەسەر ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی دەبێت. بەشی زانستی كۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاری بە شێوەیەكی باش قوتابیان دەتوانن هەلی كاریان دەست بكەوێت.”
لەكۆتایدا ڕاگری كۆلێژی زانست دەڵێ: “لێرەوە دەمەوێت سوپاسی بەڕێز سەرۆکی زانکۆکەمان بکەم کە بۆ ئیشوکاری دەرچووانی کۆلیژی زانست، سەردانی بەڕێز وەزیری پەروەردەی کردووە و، بە خۆشحاڵیەوە بەڕێز وەزیری پەروەردە داواکاریەکەی جەنابیان وەرگرتووە و، بڕیارە لەمەولا دەرچووانی ئەو کۆلیژە و کۆلیژی ئاداب و، زمانیش، هەرسێیكیان ڕێگەیان پێ بدرێ ببنە مامۆستا؛ دیارە جاران دەرچووانی ئەو سێ کۆلیژە نەدەکرانە مامۆستا.”