دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایکرد، هێرشی ئاسمانی و زەمینی و تۆپبارانی سەر سنووری هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
دیندار زێباری سەبارەت بە ئاماری هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر سنووری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەنیا لە 2021 بۆ 2022، ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکان 138 هێرش بووە و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 214 جار تۆپباران کراون، بەڵام لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 150 هێرشی ئاسمانی و 300 تۆپبارانی سنووری هەبووە، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، ژمارەی هێرشەکان بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
گوتیشی: بەهۆی ئەو هێرشانەوە، نزیکەی 800 گوند لە تەواوی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون و خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە نێوی و حکومەتیش ناتوانێت دەستی ئەوەدانکردنەوەی پێبگەیەنێت.
وەک رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لێوەکرد، ئەم نائارامییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، زیانی بە لایەنی ئابووری و گەشتوگوزاری گەیاندووە و زەرەر و زیانێکی زۆر بەر خەڵکی کوردستان کەوتووە.
دیندار زێباری راشیگەیاند، پەکەکە رێخۆشکەرە بۆ هاتنی لەشکری سوپای تورکیا بۆ سەر سنووری هەرێمی کوردستان.