ده‌قی وته‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی قوتابییانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین

سەرۆکی حکومەت : هەرچی لەتواناماندا بێت دەیكەین لەپێناو باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتییانمان و گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/5 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوونی خوولی 42ی قوتابییانی زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای چەندین قەیران و هاتنەپێشەوەی دەیان كێشە و ئاستەنگ و نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە جێبەجێكردنی كارنامە چاكسازییەكانی و پێشكەوتنی باشیش لە هەموو بوارەكاندا بەدی هاتووە.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

مامۆستایانی بەڕێزی زانكۆی سەڵاحەدین
قوتابییانی دەرچووی خۆشەویست
كەسوكاری قوتابیان
ئامادەبووانی هێژا

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز، لە 42مین خولی دەرچووانی زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر بەشدارم. پیرۆزباییەكی گەرم لە قوتابییە خۆشەویستە دەرچووەكان دەكەم و هیوای سەركەوتن و ئومێدی دواڕۆژێكی گەشیان بۆ دەخوازم لە ژیانی داهاتوویاندا.
دەستخۆشی لە دایك و باوك و كەسوكارەكانتان دەكەم كە ماندووبوونێكی زۆریان كێشاوە لەپێناو ئەوەی ئێوەی خۆشەویست خوێندنەكەتان بە سەركەوتوویی تەواو بكەن. سوپاسی سەرۆك و ئەنجوومەنی زانكۆ و سەرجەم مامۆستایانی بەڕێز دەكەم كە ئەركی پیرۆزی خۆیان لە فێركردن و پەروەردەكردنی نەوەكانمان بەجێ گەیاندووە. هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی كوردستان و جیهانیش، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی مامۆستایانی كوردستان دەكەم، پێزانینی زۆرم بۆ مامۆستایانی كوردستان بە گشتی هەیە كە سەرەڕای ئەوەی بۆ چەند مانگێك وەك هەموو مووچەخۆرانی كوردستان، مووچەی ئەوانیش دواكەوت، بەهۆی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی خوێندن نەوەستا و زۆربەی مامۆستایان زۆر لەخۆبردووانە بەردەوام بوون لە ئەركی خۆیان كە ئەمەش مایەی ڕێز و پێزانینێكی زۆرە.
هیوادارم هەوڵی ساردكردنەوەی مامۆستایان لە بەردەوامیدان بە ئەركی پیرۆزیان سەر نەگرێت، هەر مامۆستایەك وەك ڕێپێشاندەر، قوتابییان فێری كۆڵنەدان و خۆڕاگری بكات، چونكە ئێمە كۆڵ نادەین.
پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندن و پاڵپشتیكردن و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان، بەشێكی گرنگە لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی هێنانەدیی گۆڕانكاری و پێشخستنی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا كە گونجاو بێت لەگەڵ پێشكەوتنەكانی زانست و تەكنۆلۆژیا لەو سەردەمەدا.
وەك چەند جارێكی تریش باسم كردووە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كوردستان بكەین بە كۆمەڵگەیەكی پڕ زانست و مەعریفە و قوتابییە دەرچووەكانمان تەنیا هەڵگری بڕوانامە نەبن، بەڵكوو ئامانجمان ئەوەیە كە قوتابییانی كوردستان فێری ئەو پسپۆڕی و شارەزاییانە بن كە بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی كوردستان پێویستن و دەمانەوێ ببنە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەكەمان. هەروەها مرۆڤێكی داهێنەر و تێگەیشتوو و لێهاتوو بن كە بتوانن سوود بە كۆمەڵگەی خۆیان بگەیەنن.
ڕەنگە خەمی زۆربەی دەرچووان ئەوە بێت كە دوای ئەوەی خوێندنیان تەواو كرد، كارێكیان دەست بكەوێت، كە ئەمەش مافێكی ڕەوایە، هەرچەندە بەشێكی هەرە زۆری دەرچووانی زانكۆكانمان، داواكارییان ئەوەیە لە دامودەزگاكانی حكومەت و كەرتی گشتی دابمەزرێن، با بە مووچەیەكی كەمیش بێت، هۆكارەكەش ئەوەیە كە هەلومەرجی كاركردن لە كەرتی گشتی و دەزگاكانی حكوومەت باشتر و مسۆگەرترە، بەڵام ئێمە لە ڕێگەی چاكسازییەكانمان لە یاسای كاردا، كارمان كردووە بۆ ئەوەی هەلومەرجی كاركردن لە كەرتی تایبەتیش، بە تایبەت لە ڕووی پاراستنی مافە یاساییەكان و دابینكردنی داهاتووی ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، باشتر بكەین و هاوشێوەی كەرتی گشتی بێت.
ساڵانە بە هەزاران كەس لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان دەردەچن. بێگومان لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە هەموو دەرچووان لە دەزگاكانی حكوومەت جێ بكاتەوە و دایانبمەزرێنێت، چونكە بەداخەوە دەرفەتی دامەزراندن سنووردارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمانداوە و كار دەكەین بۆ ئەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانمان لە كەرتە جۆراوجۆرەكاندا بڕەخسێنین. لەم ڕووەوە، حكوومەتی هەرێم هەموو ئاسانكارییەك و هەماهەنگییەك دەكات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی كوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، بە تایبەتی لە كەرتی تایبەت. داوامان لە خاوەنكارەكانی كوردستان كردووە كە گەنجانی كوردستان لەپێشینەی وەرگرتنی دەستی كاری كۆمپانیاكان بن و پابەند بن بە بڕیارەكانی حكوومەت كە دەبێ بە لایەنی كەم رێژەی 75٪ی دەستی كاریان خەڵكی هەرێمی كوردستان بن. لە هەمان كاتدا لە ڕێگەی میكانیزمی پێویستەوە، دەبێ ڕاهێنان بە گەنجانی كوردستان بكرێت و پەرەیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە بازاڕی كاردا پێشبڕكێ بكەن و كاریان دەست بكەوێت.
لە چەند ڕۆژی رابردوودا، پرۆژەی گەشانەوەمان ڕاگەیاند كە بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكەین، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كار و پرۆژە بازرگانییەكانیان لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە گەشە پێ بدەن. ئەمە بەشێكە لە پلانەكانمان لە ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانمان و یارمەتیدانیان.

ئامادەبووانی بەڕێز:
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای چەندین قەیران و هاتنەپێشەوەی دەیان كێشە و ئاستەنگ و نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە جێبەجێكردنی كارنامە چاكسازییەكانی و پێشكەوتنی باشیش لە هەموو بوارەكاندا بەدی هاتووە. هەر بۆ نموونە كاری باش كراوە لە بوارەكانی كەمكردنەوەی بیرۆكراسی لە فەرمانگە و دامودەزگاكانی حكومەت و سنوورداركردن و كەمكردنەوەی گەندەڵی و بنبڕك