وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: پاڵپشتی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەین

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی پاڵپشتی تەواو لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات.

جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و بەریتانیا پاڵپشتی تەواو لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات.

لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، فەلاح حەسەن کە گەنجێکی کوردە و هاوکات جێگری سەرۆکی لاوانی پارتە دیموکراتەکانی جیهانە، لە دیدارێکیدا لەگەڵ جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسی لە دواین رەوش و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە بەشێک لە پارتە سیاسی و سیاسەتمەدارانی عێراقی لە هەوڵی لەناوبردنی کیانی هەرێمی کوردستانن، کە ئەمەش بە خەبات و خوێنی دەیان هەزار رۆڵەی کورد هاتووەتە کایەوە.

لای خۆی جەیمس کلێڤەرلی، سوپاسی بەشداریکردن و دیدارەکەی کردووە و رایگەیاندووە، کیانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی بەریتانیا گرنگە و حکومەتی بەریتانیا هەردەم پاڵپشتی لێدەکات و بەردەوامیش دەبن لە پاڵپشتی قەوارەی فەرمی هەرێمی کوردستان، سوپاسی گەلی کوردستانی کردووە و خۆی بە دۆستی نزیکی هەرێمی کوردستان دادەنێت.

لە بەشێکی دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتوویەتی، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی راستەوخۆ و دۆستانەم هەیە، هیوای خواستووە جارێکی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.