پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
لە یادی شەش ساڵەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پانێڵێکی بە ناونیشانی “ڕیفراندۆم دەستکاریکردنی پۆزەتیڤانەی مێژوو” بۆ هەریەکە لە نووسەر و کۆمەڵناس د.ئیسماعیل بێشکچی و نووسەر و ڕووناکبیر ئازاد جندیانی و د.سالار عوسمان و لە پێشکەشکردنی هاودەنگ فارووق، ڕێکخست. لەبەر گرنگی پانێڵەکە لە چەند بەشێکدا سەرنج و ڕای بەشداربووانی پانێڵەکە دەخەینە ڕوو.
- بەشی یەکەم
د.ئیسماعیل بێشکچی:
ئەوەی ئازادیت دەپارێزێت دەوڵەتە، ئەگەر دەوڵەتت نەبێت ئازادیت نییە - ڕیفراندۆم شەش ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٥ی مانگی ٩ کرا و ٩٣٪ی خەڵک دەنگی پێدا و داوای کوردستانی سەربەخۆیان کرد. ئەوە خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخان بوو بۆ کوردستان. بێگومان ئەمە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نەبوو لە عێراق، بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ڕووداوێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو. بووە هۆی دروستبوونی جۆشوخرۆشێکی زۆر گەورە و حکوومەتەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریاش، لە دژی ڕیفراندۆمەکە بوون و مانگێک دوای ڕیفراندۆمەکە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیان کردە سەر کەرکووک و بە شەڕ داگیریان کرد.
دوای لێدوانەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ٧ی حوزەیران، ئێران تورکیا و عێراق و سوریاش باسیان لەوە کرد کە لە دژی ڕیفراندۆمەکەن. لەگەڵ ئەمەشدا ئەمەریکا و ئەڵمانیا و ڕووسیا و فەرەنسا و بەریتانیش باسیان لەوەکرد کە ئێستا کاتی ڕیفراندۆم نییە و لەدژی وەستانەوە، بەڵام تا ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ سەرەڕای ئەو مشتومڕانە، جەماوەرێکی ئێجگار زۆر داوای ڕیفراندۆمی دەکرد. لە باشوور، باکوور، لە خورهەڵات و خۆرئاوای کوردستان، پێیان وابوو کە کردنی ڕیفراندۆم بۆ کوردستان زۆر باش دەبێت. تا ئەو ڕۆژە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بە گوێرەی دەستووری عێراق کە لە ٢٠٠٥ ئامادە کرابوو، وەکو هەرێمی کوردستان پێناسە کرابوو، بەڵام لە ناوچە دابڕێندراوەکانیش دەسەڵاتی کوردی هەبوو. بەلام لە ١٦ و ١٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ڕووداوێک دۆخەکەی گۆڕی.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەولەتی کوردی چۆن دەبێت؟ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی یەک مەرجی هەیە، ئەوەش ئەوەیە کە کورد خۆی داوای ئەوە بکات. ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا لەدژی ئەمەن، ئەمەریکا و ئەورووپا و ولاتانی دیکە ڕەنگە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بن، بێگومان ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و پێویستە کورد ڕووبەڕووی ببێتەوە. بەلام مەرجی تاقانەی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، ویستی کورد و سوور بوونی کوردە لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ. هەڵسوکەوتی کورد بەگوێرەی ئەو ویستەیە. پێویستە جارێکی تر سەیری ١٦ی ئۆکتۆبەر بکەین، دوای لێدوانی سەرۆک بارزانی لە ٧ی حوزەیران و پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو لێدوانە و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم، بەمانای ئەوەی ویستیان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بوو. سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە لێدوانەکانی خۆیان کە داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکەن، بەڵام هەندێک ڕووداو ئەوەی سەلماند، کە هێشتا هەندێک لایەن سەربەخۆییان ناوێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە تاکە مەرجی دەوڵەتی کوردی یەکگرتن و یەکدەنگیی کوردە. پیویست بوو ئەوانە وەکو چۆن بۆ مووچە بە بەردەوامی خۆپێشاندان و ڕێپێوانیان دەکرد، بۆ ڕیفراندۆمەکەش بە بەردەوامی خۆپێشاندان و ڕێپێوانیان بکردایە، بەلام ئەمە نەکرا.
ئەگەر دەوڵەتتان نەبێت، پێویستە باش بزانن کە نابنە خاوەنی هیچ شتێک. کورد پیویستە لەمە تێ بگات، دەوڵەتت نەبێت ئازادی نابێت. ئەوەی ئازادیت دەپارێزێت دەوڵەتە، دەوڵەتت نەبێت ئازادیت نییە.
سەیری وڵاتانی کەنداو بکەن، ژمارەی دانیشتوانیان ناگاتە یەک ملیۆن کەس، بەڵام دەوڵەتن. کەچی کورد زیاتر لە پەنجا ملیۆن کەسە و هێشتا نەبووە بە خاوەن دەوڵەت. ئەو دەستکەوتانەی لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو بەدەست خراون، لە سایەی هەرێمی کوردستانەوە بەدەست هاتوون و پێویستە گرنگیان پێ بدرێت و بیانپارێزین. جەمعییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەرەتای ١٩٢٠ەکاندا دامەزرا، بەڵام هەروا لەو سەردەمەدا دەبینین کە کوردستان و کوردیش پارچە دەکرێت کە ئەمەش گۆڕانێکی گەورە بوو بەسەر کورددا هات. هەرچەند هەوڵدان بۆ دروستکردنی جەمعییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو، بەلام زوڵمێکی زۆر لە کورد و کوردستان کرا لە ساڵی ١٩٢٠. پیویستە کورد هەست بەمە بکات و بپرسێت ئەم ناحەقییە و ئەم زوڵمە بۆچی و چۆن لە من کراوە؟ ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەفریقایی کە داگیرکرابوون بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. بەڵام زوڵم و ناحەقیی لەسەر کورد و کوردستان هەر بەردەوام بوو.
کوردستان بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش کراوە. گەلی کورد پارچە کراوە. دەوڵەتەکانیش نکۆڵیی لە هەبوونی کوردستان و گەلی کورد دەکەن. ١٩٧٠ کاتێک مستەفا بارزانی لەگەڵ سەدام ڕێککەوتنی ئۆتۆنۆمی ئیمزا کردووە بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە هەولێر و سلێمانی و دهۆک وەکو هەرێمێکی ئۆتۆنۆم پێناسە کراون و بەشەکانی دیکەش لە کوردستان دابڕێندراون، دەگوترێت کە لەماوەی ٢ ساڵدا سەرژمێری دەکرێت و ئەگەر ژمارەی کورد زیاتر بوو ئەوا ئەو ناوچانەش دەچنەوە سەر هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردی، بەڵام ئەگەر ژمارەی عەرەب زیاتر بوو ئەوا لەسەر بەغدا دەبن. بەڵام ئەو سەرژمێرییە سەرەڕای هەوڵی کورد، نەکرا و دواتر دووبارە شەڕ دەست پێدەکاتەوە.
با سەیری دەستووری ٢٠٠٥ بکەین، لەوێش ماددەی ١٤٠ هەیە، بەلام دۆخەکە هەروەک ڕابردووە. باس لەوە دەکرێت کە لە ناوچە دابڕێندراوەکان سەرژمێری دەکرێت و ئەگەر ژمارەی کورد زیاتر بوو، ئەوا دەخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان. سوریا، ئێران و تورکیا، قبوڵ ناکەن ئەو سەرژمێریە بکرێت.
پێویست کورد بیر لە سەربەخۆیی بکاتەوە، خۆی لەژێر دەستی تورک و فارس و عەرەب ڕزگار بکات، ئەمە خاڵێکی زۆر گنگە بۆ کورد، کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە. کورد پیویستە بیر لەوە بکاتەوە، خۆی سود لە دەوڵەمەندی وڵاتەکەی ببینێت. بە بڕوای من تەسلیم کردنی ئەو دەوڵەمەندییە بە بەغداد هەنگاوێکی هەڵەیە.