سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

زانکۆی سەڵاحەددین ساڵنامەی ئەکادیمی خوێندنی باڵا “دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا” بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە (4ـی تشرینی یەکەمی 2023)، زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر ساڵنامەی ئەکادیمی خوێندنی باڵا “دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا” بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئەم ساڵننامەیە بۆ یەک ساڵی خوێندنی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا واتا خوێندنی ھەردوو کۆرسەکە دانراوە، کۆرسی  یەکەم لە (15ـی 10ـی 2023) دەست پێدەکات و لە (15ـی 2ـی 2024)کۆتایی دێت.

لە بڵاوکراوەکەی زانکۆی سەڵاحەددیندا هەروەها هاتووە، ساڵنامەی خوێندنی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆی سەڵاحەددین – ھەولێر، کۆرسی دووەم لە (18ـی 2ـی 2024) دەست پێدەکات و لە (27ـی 6ـی 2024) کۆتایی دێت،  بەشێوەیەکی  گشتی ساڵننامەی خوێندن لەسەرجەم زانکۆکان بەم شێوەیە،  بۆ دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا  ساڵەکانی خوێندنی باڵا لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان پاڵپشت بە رێنمایی ژمارە (3)ـی ساڵی (2022)ـی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،  خوێندنی دبلۆمی باڵای ئەکادیمی یەک ساڵی ئەکادیمییە، خوێندنی دبلۆمی باڵای دوو ساڵی پیشەیی دوو ساڵی ئەکادیمییە، خوێندنی ماستەر دوو ساڵی ئەکادیمییە، خوێندنی دکتۆرا سێ ساڵی ئەکادیمییە، بەرواری  (1ـی 9ـی 2023) تا  (1ـی 7ـی 2024) بە یەک ساڵی  ئەکادیمی دادەنرێت،  واتا 1ـی 9ـی ھەر ساڵێک تا 1ـی 7ـی ساڵی داھاتوو دەکاتە 10 مانگ کە بە یەک ساڵی خوێندنی ئەکادیمی دادەنرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 زانکۆی حکومی، خوێندنی باڵای (دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی) بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) راگەیاند و رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، 15 هەزار و 728 پێشکەشکار تاقیکردنەوەی توانستی زانستییان ئەنجامدا.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، دوو هەزار و 692 پێشکەشکار بۆ خوێندنی دکتۆرا، 11 هەزار و 382 پێشکەشکار بۆ خوێندنی ماستەر و 177 پێشکەشکار بۆ خوێندنی دبلۆی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و هەزار و 477 پێشکەشکار بۆ خوێندنی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی کردووە.