د. محەممەد ئیحسان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: هەر گۆڕانێک لە جیهاندا ڕوو بدات، ئێمەی کورد بەشێکین تێیدا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێن: جیهان لەبەردەم گۆڕانی گەورەدایە، هەر گۆڕانێک لە جیهان ڕووبدات، ئێمەی کورد بەشێکین تێیدا. بۆیە، پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە ژێر ڕۆشنایی پەیامەکانی سەرۆک بارزانی کار بکەن و یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن، چونکە تاکە کەس کە بتوانێت کوردستان لەو قۆناغە ڕزگار بکات و بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام سەرۆک بارزانییە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، یەکڕیزی نێو ماڵی کورد لە هەموو سەردەمێک پێویست بووە، بەڵام لەم ساتەدا کە جیهان بەرەو گۆڕانی گەورە هەنگاو دەنێت، زیاتر پێویستە.

١٤٠ میوان لە ٤٢ وڵاتی جیهانەوە لە ٢٠مین دیداری یانەی گفتوگۆی ڤەڵدای لە هاوینەهەواری سووچی لە ڕووسیا بەشدارن، تێیدا باس لە داهاتووی جیهانی نوێ دەکرێت. د. محەممەد ئیحسان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: هەندێک پێیانوایە بلۆکێکی دیکە لە جیهان هاتووەتە دروستبوون، هەروەک دەگوترێت سەردەمی تاکلایەنیی ئەمەریکا لە جیهاندا کۆتایی هاتووە، ئەمە ڕوون و ئاشکرایە.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: جیهان لە دوای جیهانگیرییەوە، بۆچوونێکی ڕوونی نەبووە، چونکە داهاتووی جیهان خۆی ڕوون نەبووە، بۆیە ئێستە گۆڕان بەسەر ئەو ڕەوتەدا داهاتووە کە دەگوترا ئابووریی جیهان بە تەنیا بەدەست یەک لایەنەوەیە و بە پێچەوانەوە بە دەست چەندین لایەنی دیکەوەیە. بۆیە، ئەمە مانای وایە قۆناغێکی دیکە لە بەرامبەر سیاسەتی نێودەوڵەتی هاتووەتە پێش.
لەبارەی پێگەی کورد لە داهاتووی جیهانی نوێدا، د. محەممەد ئیحسان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاشکرای کرد: پێویستە لەم قۆناغەدا دەنگی کورد لە هەر هەموو شوێنێک بوونی هەبێت، هەر گۆڕانێک لە جیهان رووبدات، ئێمەی کورد بەشێکین تێیدا.
ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری دەزگای زاری کرمانجی بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، دەڵێت: ئەو گۆڕانانەی لەسەر ئاستی جیهان و لە لایەن وڵاتانی زڵهێز لە ئارادان، زۆر ستراتیجی و قوڵن، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هاوپەیمانیی نوێ لەلایەن وڵاتانی زڵهێزەوە پێکهێندران، کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی وڵاتان دەبێت، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆ نموونە پڕۆژەی مەزنی هیندستان و کردنەوەی ڕێرەوێکی ئابووری لە کەنداوەوە بۆ ئەوروپا، ڕێککەوتنی چین و ڕووسیا، ڕێککەوتنی نوێی ئەمریکا و سعوودیە لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێککەوتنی وڵاتانی عەرەبی بەیەکەوە و لەگەڵ وڵاتانی زلهێز، ڕێککەوتنی ئێران-عێراق و تورکیا کە خۆی لە بواری ئاسایش و ئابووریدا دەبینێتەوە، هەموو ئەو هاوپەیمانیەتییانە زەنگی گۆڕانی مەزنن لە جیهان و ناوچەکە کە لێدەدرێن، پێویستە کوردیش خۆی بۆ ئەم بابەتە و ئەگەرەکان و هاوکێشەکان و کاردانەوەکانی ئامادە بکات، هەر جۆرە دواکەوتنی نەتەوەی کورد لە هەر یەک لەم هاوکێشانە بێ گومان زیانێکی قوڵ و درێژمەودای دەبێت بۆ نەتەوەی کورد بەتایبەتر بۆ کیانی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری دەزگای زاری کرمانجی، دەشڵێ: خۆ ئامادەکردنیش بە خوێندنەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان دەبێت، ئەویش دوای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە کاریگەرەکان، لەبەر ئەوەی هیچ هەنگاوێک و هەوڵێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر نێو ماڵی کوردی ڕێک نەخرێت، ئامادەسازیی بۆ دانانی پلانی هەمەچەشنە پایەی بەهێزی سیاسی، ئابووری، دڵنیایی ئاسایشی دەوێت، ئەمانەش نایەنە دی، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خوێندنەوەی هەمە لایەنە بۆ ڕەهەندەکانی نێوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتی نەکرێت، یەکڕێزیی نێو ماڵی کورد لە هەموو سەردەمێک پێویست بووە، بەڵام لەم ساتەدا کە جیهان بەرەو گۆڕانی گەورە هەنگاو دەنێت زیاتر پێویستە.
هوشیار مەحموود، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند: هەموومان دەبینین بارودۆخی عێراق بە چ شێوەیەکە هەر گروپ و لایەنێک حوکم لە ناوچەیەک دەکات، ئەوەش شکستە بۆ عێراق. بۆیە، من بارودۆخی ئێستەی عێراق وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو دەبینم. دەبینین بەردەوام سەرکردەکانی عێراق دێنە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی دادەنیشن بۆ چارەکردنی کێشەکانی عێراق، بۆیە ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە ئێستە شتێک نەدەما بەناوی عێراق. هەموو کاتێکیش قسەی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق لای سەرۆک بارزانی یە، چونکە دەزانن سەرۆک بارزانی پێگەیەکی زۆر بەهێزتری هەیە کە دەتوانێت هاوکێشەی سیاسی ئاڵۆگۆڕ بکات و ڕۆڵ و کاریگەری خۆی لەسەر لە هاوکێشەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان دابنێت.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: جیهان لە گۆڕاندایە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان لەژێر ڕۆشنایی پەیامەکانی سەرۆک بارزانی کار بکەن و یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن، چونکە تاکە کەس کە بتوانێت کوردستان بکاتە دەوڵەت و خەڵکەکەی بە ئاسوودەیی بژین و بە مافەکانی خۆیان بگەن و بە کەنارێکی ئارام بگەن، سەرۆک بارزانییە.