سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی لیژنەی یاسایی: حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دابەش بکات

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، “لەڕووی دەستوورییەوە، حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات” و دەڵێت، “ئەو هەوڵەی نێو پەرلەمانی عێراق بۆ جووڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکە”.

ژمارەیەک لە فراکسیۆنە شیعی و کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کار بۆ ئەوە دەکەن، حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات.

لەوبارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “لە هەردوو ماددەی 117 و 121ـی دەستووری عێراق باس لەوە کراوە، هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی یاسادان، دادوەری و جێبەجێکردنی خۆی هەیە؛ بۆیە لەڕووی دەستوورییەوە، حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات”.

رێبوار هادی، کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە “ئەوەی ئێستا لە پەرلەمانی عێراق روودەدات، بەداخەوە بۆ جووڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکە. هەندێک لە فراکسیۆنە عەرەبییەکان دەیانەوێت لەرێگەی ئەم هەوڵەوە، بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نەنێرن و بە خەڵکی کوردستان بڵێن، ‘ئێمە ئامادەین مووچەتان بۆ بنێرین، بەڵام حکومەتەکەتان رێگرە’ و، بەو شێوەیە نەناردنی مووچە دەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی ئەو فراکسیۆنە کوردستانییانە وەکو “بانگەشەی هەڵبژاردن” ناودەبات و دەڵێت، “بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکبووەتەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەیانەوێت لە رێگەی ئەم بابەتەوە هەست و سۆزی بەشێک لە فەرمانبەر و مووچەخۆران بۆ خۆیان ڕابکێشن و پێیان بڵێن، ئێمە خەمخۆری ئێوەین و لەگەڵ دواکارییەکانتانین”.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختیش لەوە دەکاتەوە، بەردەوام لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر هێڵن بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندان، بەڵام وەکو خۆی باسی دەکات، “سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی وڵات دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا بێت و نابێت یاری بە هەست و سۆزی خەڵک بکرێت”.