به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان : پێنج كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕی زیاتر لە پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 3ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: دوو تۆمه‌تبار كه‌ خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ بوون، به‌ پێنج كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ری جۆری كریستاڵه‌وه‌ ده‌ستگیركران، به‌نیازبوون بیبه‌ن بۆ شاری هه‌ولێر.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیركران.

پێشتریش ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، وەک بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە پشکنینی کافێ و رێستورانتەکان و ئەو شوێنانەشی کە گومانی لێ دەکرێت ماددەی هۆشبەری لێبێت، به‌رده‌وام ده‌بن.

راشیگەیاند، هەڵمەتەکانی پشکنین بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگای هەولێر، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و ئاسایشی گشتی ئەنجامدەدرێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیەندراوێک لەبەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان.

 بڕی زیاتر لە پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا.

دوای وەرگرتنی بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەپلانێکی وردو تۆکمە ئەمڕۆ رێککەوتی 3ی 10ی 2023 توانیان دوو تۆمەتبار دەستگیربکەن کە خەڵکی شارۆچکەی قەڵادزێن.

لەکاتی دەستگیرکردنیان بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵیان پێگیرا، کە نیازیان وابوو بۆ ناو شاری هەولێر بیگوازنەوە .

هەردوو تۆمەتبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و بە گوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرەئەقڵییەکان رووبەرووی یاسا دەکرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان.

3ی 10ی 2023