لە مێرگەسۆر بەگوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار دوو پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە قەزای مێرگەسۆر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو پڕۆژەی ڕێگەوبان بەگوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار لە قۆناغی کۆتاییدانە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییانی سنوورەکە.

ڕۆژانە حکوومەتی ھەرێم لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاووڵاتییان دەکات، ئەوەش کوردستانیانی خۆشحاڵ کردووە.
ئەندازیار دڵبرین نەجیم، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی سەرەکی مێرگەسۆر- پیران، دەڵێت: پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقامی پیران لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، بە درێژای نۆ کیلۆمەترە و بەگوژمەی یەک ملیار و نۆسەد ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت و لە ئێستەدا دەستکراوە بە قۆناغی قیرتاوکردن و نزیکەی پێنج کیلۆمەتر قیرتاو کراوە.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، گوتیشی: سوپاسی مەلا مستەفا بارزانی دەکەین کە پاڵپشت و ھاوکار بووە لە بەجێ گەیاندنی ئەم پڕۆژەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە کۆتایی دێت و دەخرێتە خزمەت ھاووڵاتییانی ناوچەکە.
ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: بەشێک لە شەقامی سەرەکی کوران – زرارا لە سنووری ناحیەی گۆڕەتوو، بەگوژمەی سێ سەد ملیۆن دینار قیرتاو دەکرێت، ھەروەھا شوێنە تێکچووەکانی شەقامی بەری نزار لە ناحیەی بارزان چاککرانەوە.