ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببینن كوردستان له‌ ڕووی سیاسی، ئاسایش و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ سه‌قامگیره

‌یه‌كه‌مین فیستیڤاڵی كوردستانی – عێراقی نێوده‌ڵه‌تی بۆ چێشتلێنان به‌ به‌شداری ١٥٠ شێفی به‌ناووبانگ كه‌ له‌ ٣٢ وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌شدارن لە هەرێمی کوردستان ساز ده‌كرێت و بڕیاریشە ڤیستیڤاڵەکە بۆماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوامی هەبێت.

ڤیستیڤاڵەکە ڕێكخراوی ماڵی شێفه‌كانی كوردستان بۆ گه‌شه‌پێدان ئامادەکاری بۆ کردووە و دوێنێ دەستی بە کارەکانی کرد و لە دەستپێکی ڤیتیڤاڵەکەشدا، ساسان عەونی، وەزیری گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند؛ ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ست به‌ بێگانه‌یی ناكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی به‌شداری فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مێننه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ ماڵ و شوێن و نیشتمانی خۆیان بن.
گوتیشی؛ بۆ هه‌موو به‌شداربووان ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببینن هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی سیاسی، ئاسایش و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ سه‌قامگیره‌.
ساسان عەونی، ئەوەشی خستەڕوو، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان وه‌ك چۆن له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوورییه‌وه‌ كراوه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌یش له‌ ڕووی كلتووری خواردن و جۆره‌كانی خواردنه‌وه‌، فره‌جۆر و كراوه‌یه‌.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیشیكرده‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری له‌و جۆره‌ چالاكییه‌ جۆراوجۆرانه‌ ده‌كه‌ن و هانده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كولتووری خواردن له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌دا ئاڵوگۆڕی پێ بكرێت و به‌یه‌كدی بناسرێن.
جێگای ئاماژە پێکردنە، ئەم ڤیستیڤاڵە دەبێتە یەکەمین ڤیستیڤاڵی لەوشێوەیە کە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و تیایدا میوانداریی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی بیانی کراوە لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش، کە تیایدا خواردنە جیاوازەکان وەک کلتوری جیاوازی وڵاتان پێشکەش دەکرێت و خواردنە کوردەوارییەکانیش لەو ڤیستیڤاڵەدا بە میوانان ئاشنا دەکرێن.