دوای كارەساتی ئاگركەوتنەوە لە ئاهەنگی بووكگواستنەوە لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هانای كەسوكاری قوربانییان و بریندارانی ڕووداوەكە چوون و هاوكاری مرۆیی و داراییی پێشكەش كردن.
لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە ئاهەنگەكەی حەمدانیە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان سپارد و نزیكەی 250 کەسیش بریندار بوون، 67 برینداری ڕووداوەكە بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان گوازرانەوە، لەو ژمارەیە 47 بریندار لە هەولێر و 20 برینداریش لە نەخۆشخانەكانی دهۆك له ژێر چاودێریی چڕی تەندروستیدان.
دوای ڕووداوەكەش، رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان كە هاوكات سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)ـە، دەزگای خێرخوازیی بارزانیی ڕاسپارد، بە خێرایی هەڵمەتی فریاگوزاری و خزمەتكردنی قوربانیانی كارەساتەكە دەست پێ بكەن.
دوای فەرمانی رێزدار سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەران، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بریندارانیان بەسەر كردەوە. بە پشتیوانی كۆمەڵگەی بانكە ئەهلییەكانی عێراق، هەر بریندارێك بڕی ١ملیۆن دیناری پێشكەش كرا، جیا لەوانە، دۆشەك و بالیف و بەتانی و ئاو و خۆراكی گەرم بۆ برینداران و هاوڕێیانیان دابین كرا.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكان، بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خێرخوازانی هاوبەشی ئەو بەهاناوەچوونەوە، سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانییان كرد و هیوای هەرچی زووتر چاكبوونەوەی بریندارانی خواست.
گوتیشی: “ئەو كارەساتە كارەساتێكی گەورە و ناخهەژێن بوو. دەزگای خێرخوازیی بارزانی حزوورێكی گشتگیر و هەمەلایەنەی هەیە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، بەتایبەتی لەژێر ئەو وتە بەنرخەی بارزانی نەمر كە فەرموویەتی: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت”.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە لە لایەن ڕێزداران سەرۆك مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سهرۆكی بۆردی دامهزرێنهرانی دهزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاسپێردراون، كە ئەوەی لە توانادا بێت، خزمەتی برینداران و كەسوكاری قوربانیان بكەن.
بۆ چاودێری و چارەسەركردنی بریندارانی ئەو كارەساتە، تا ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خۆراكی بۆ 200 كەس دابین كردووە، بەتانی و بالیف و ئاوی خواردنەوە بۆ 200 كەس، پێداویستی منداڵان لە شیر و دایبی و كلێنكس، بۆ 10 منداڵ دابین كردووە.
هەروەها بەهۆی دروستبوونی گوشار لەسەر نەخۆشخانەكان، پێداویستی پزیشكی پێشكەش بە نەخۆشخانەكان كردووە، وەكو كورسی جوڵاو، كرێمی ئازارشكێن، دەرزی دژە بەكتریا، ژیناو و ستاندی ژیناو، لۆكە و گۆزی تایبەت بە سووتان، كرێمی چارەسەر سووتاوی، پلاستەری كانیۆلا و ئاسایی، دەستكێش و گاونی پزیشكی.
پێشكەشكردنی ئەو هاوكارییانە، لە چوارچێوەی بەهاناوەهاتنی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ نەخۆشخانەكان لەسەر داواكاری وەزارەتی تەندروستی بوو، بە هۆی ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان دروست ببوو.