ساسان عه‌ونی: هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی كولتووری خواردنه‌وه‌ فره‌جۆر و كراوه‌یه‌

رێكخراوی ماڵی شێفه‌كانی كوردستان بۆ گه‌شه‌پێدان یه‌كه‌مین فیستیڤاڵی كوردستانی – عێراقی نێوده‌ڵه‌تی بۆ چێشتلێنان به‌ به‌شداری 150 شێفی به‌ناووبانگ كه‌ له‌ 32 وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌شدارن ساز ده‌كات.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 1ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) رێكخراوی ماڵی شێفه‌كانی كوردستان بۆ گه‌شه‌پێدان یه‌كه‌مین فیستیڤاڵی كوردستانی – عێراقی نێوده‌ڵه‌تی بۆ چێشتلێنان به‌ به‌شداری 150 شێفی به‌ناووبانگ كه‌ له‌ 32 وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌شدارن ساز كرد، كه‌ بڕیار وایه‌ ماوه‌ی پێنج رۆژ بخایه‌نێت.

ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌دا رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ست به‌ بێگانه‌یی ناكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی به‌شداری فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مێننه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ ماڵ و شوێن و نیشتمانی خۆیان بن.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بۆ هه‌موو به‌شداربووان ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببینن هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی سیاسی، ئاسایش و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ سه‌قامگیره‌.

ساسان عه‌ونی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان وه‌ك چۆن له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌وه‌ كراوه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌یش له‌ رووی كولتووری خواردن و جۆره‌كانی خواردنه‌وه‌، فره‌جۆر و كراوه‌یه‌.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیشیكرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری له‌و جۆره‌ چالاكییه‌ جۆراوجۆرانه‌ ده‌كه‌ن و هانده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كولتووری خواردن له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌دا ئاڵوگۆڕی پێ بكرێت و به‌یه‌كدی بناسرێن.