سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە دەکات

 

لە راگەیەندراوێکدا گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی نزیک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنقەرە دەکات.

رۆژی یەکشەممە (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی نزیک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنقەرە دەکات”.

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دژی هەر کارێکی تیرۆریستی و توندڕەویی دووپاتدەکاتەوە و داوای بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکات بۆ رێگری لە تیرۆر و بیری تیرۆریستی لە جیهاندا و رێگری لە چالاکییەکانیان.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، “بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی کاتژمێر 09:30، دوو تیرۆریست کە بە ئۆتۆمبێلێکی بازرگانییەوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێرشێکی ترۆریستییان ئەنجام داوە”.

بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، “یەکێک لە تیرۆریستەکان خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە”. ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی رووداوەکەوە، “دوو ئەفسەری پۆلیس بە سووکی بریندرابوون”.

دەقی راگەیەندراوەکە گوتەبێژی حکومەت لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە

حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی نزیک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنکەرە دەکات.

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دژی هەر کارێکی تیرۆریستی و توندڕەویی دووپاتدەکاتەوەو داوای بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕێگری لە تیرۆر و بیری تیرۆریستی لە جیهانداو ڕێگری لە چالاکییەکانیان.

پێشەوا هەورامانی

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان