لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانییە: هۆڵەکە بەهۆی یاریە ئاگرینەکانەوە گڕی گرتووە

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی قەزای حەمدانییە رادەگەیەنێت.

لیوا کازم سەلمان بوهان، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق لەو کۆنفرانسەدا رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و پشکنینی هۆڵەکە دەرکەوتووە، رووداوەکە بەهۆی یاریە ئاگرینەکانەوە بووە.

گوتیشی: ئاگرکەوتنەوەکە لە ئەنجامی یاریە ئاگرینەکان بووە و لە بنمیچی هۆڵەکە ماددەی ئەزبێز و ساندویچ پەناڵ و ماددەی پلاستیکی دیکە هەبووە، کە هەموو ئەوانە بەشێوەیەکی خێرا گڕدەگرن.

لیوا کازم ئاماژەی بەوەشدا، لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا قوماشی سەتان بەکارهاتووە، کە بە خێرایی گڕ دەگرێت، گوتیشی: لەو هۆڵەدا ژمارەیەکی زۆری خواردنەوە کحولییەکان هەبووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەو هۆڵەدا دەرگایەکی تایبەت بە کاتی رووداوەکان و دەرچوون بۆ دەرەوە نەبووە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە، بەهۆی یاریە ئاگرینەکانی نێو هۆڵەکە کە تا چوار مەتر بەرزبوونەتەوە، بنمیچی هۆڵەکە ئاگری گرتووە.

عەبدول ئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لەو کۆنفراسە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند، خاوەنی هۆڵەکە میمۆری کامێراکانی چاودێری هۆڵەکەی بردووە و هەڵاتووە بەرەو هەولێر، بەڵام لەوێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، گوتیشی: ژمارەی ئامادەبووانی ئاهەنگەکە گەیشتووەتە 900 کەس کە ئەو ژمارەیە لە توانای هۆڵەکەدا نەبووە.

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و سەدان کەسیش برینداربوون و دەیانی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

رووداوەکە له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و کەسوکاری قوربانییەکانیش داوا دەکەن هەرکەس کەمتەرخەمبووە دادگایی بکرێت.