کوردستان پشت و پەنای کریستیانەکانی عێراقە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کریستیانەکانی عێراق لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا تووشی کۆمەڵێک نەهامەتی و ڕاگواستن و هەڕەشەی جیاواز بوونەتەوە و پێشتر کە بە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا بڵاو ببوونەوە، هەر جارە و بە هۆیەک وڵاتیان جێهێشتووە و ساڵ بە ساڵ لە ژمارەیان کەمی کردووە و تەنیا کوردستان پشت و پەنایان بووە و ئەوانی پاراستووە.

لانی کەم لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ئەگەر باس لە پێگەی کریستیانەکان بکرێ، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوان لە تەواوی عێراق بە گوشاری جیاوازی سیاسی دەرپەڕێندراون و بەشێکیان بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە و گیرساونەتەوە و بەشێکی تریشیان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە.
شەڕی تایفی و نائەمنیی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و کەمیی خزمەتگوزاری وای لە کریستیانەکان کرد ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکەن. ئەو دۆخە، تا سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش درێژەی هەبوو. لە ئەنجامی پەلاماری داعش بۆ مووسڵ و دەشتی نەینەوا و شارەکانی تر بە دەیان هەزار کریستیان لە ترسی گیانیان ناوچەکانیان بەجێ هێشت لە هەرێمی کوردستان گیرسانەوە.
بەپێی ئامارێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق بەهۆی کۆچکردنیان بۆ وڵاتانی تر لە ساڵی ٢٠٠٣وە تاوەکو ئێستا لە نزیکی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەسەوە دابەزیوە بۆ دوو سەد و پەنجا هەزار کەس.
لە هەرێمی کوردستان هەر لە کۆنەوە کریستیان هەبووە و بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر عێراقدا هاتووە بەشێک لە کریستیانەکان ڕوویان لە کوردستان کردووە و گیرساونەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو تواناوە پێشوازیی لە کریستیانە ئاوارەکان کرد و بە کردنەوەی کەمپ و دابینکردنی پێداویستییەکان هەوڵی دا لە خەم و ئازاریان کەم بکاتەوە. یارمەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کریستیانەکان و سەرجەم ئاوارەکانی تری وەک ئێزدی و عەرەب و پێکهاتەی تر، سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ لای خۆی راکێشا و هەر ئەوەش وای کرد پاپای ڤاتیکان کە بەرزترین ڕێبەری کریستیانەکانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە هەرێمی کوردستان سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەشی هەرێمی کوردستان بکات.
هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەبوو لە ئازادکردنی دەشتی نەینەوا لە دەستی تیرۆریستانی داعش و کەنیسە چۆڵکراوەکانی کریستیانەکان لە سەر دەستی پێشمەرگە کرانەوە و خەڵکەکەش توانیان دووبارە بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە و دووبارە دەست بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆیان کرایەوە.
دۆخێکی ئارام بەسەر ئەو ناوچانەدا زاڵ بوو کە بەشێک، یان زۆربەی دانیشتووانیان کریستیانن و دۆخی کریستیانەکان و سەرجەم دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کاتێک شێوا و ئارام و قەراریان لێ هەڵگیرا کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ هێزی پێشمەرگە کشایەوە.
لەگەڵ ئەم دۆخەشدا، دیسان بەشێک لە کریستیانەکان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونەوە و ئەوانەش کە مابوون بەو هیوایەی دۆخیان باشتر بێت مانەوە بەڵام بەدوور نەبوون لە ململانێی سیاسی و هەندێک کەسایەتییان کە لە لایەن حەشدی شەعبی فریو درابوون، هەوڵیان دا کریستیانەکان بۆلای خۆیان ڕابکێشن و بە بیانووی جیاواز سوودیان لێ وەربگرن بەڵکوو لە هەڵبژاردنەکان دەنگ بە کاندیدی گوێ لە مستی خۆیان بدەن.
ئەو پێکهاتەیە هەفتەی ڕابردوو لە حەمدانییە جارێکی تووشی کارەساتەکی زۆر دڵتەزێن بوون. لە کاتی شایی و زەماوەندی دوو خێزانی کریستیان، ئاگرە لە نێو هۆڵی زەماوەند کەوتەوە و لانی کەم ١٠٧ کەس گیانیان لەدەست دا و پتر لە ١٥٠ کەسی تر بریندار بوون و ژمارەی قوربانییەکان تا دێ زیاد دەکات.
ڕووداوەکە بۆ خراپیی و ناستانداردبوونی ئەو هۆڵە گەڕایەوە کە زەماوەندەکەی تێدا کرابوو و بەرپرسیارێتی ڕووداوەکەش دەکەوێتە ئەستۆی خاوەنی هۆڵەکە و هەموو ئەوانەی مۆڵەتی دامەزراندنی هۆڵەکەیان دابوو. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە مێدیاکان تەنانەت هەندێک دەنگۆ بڵاو کرایەوە لەسەر ئەوەی دەستێک لە پشتی رووداوەکە بووبێت و ویستبێتی تۆڵە لەو پێکهاتەیە بکاتەوە بەڵام ئەمە بە فەرمی لە لایەن دامەزراوەکانی پۆلیس و دادگا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
خەڵکی حەمدانییە لە بەرپرسانی ناوچەکە تووڕەن و ڕۆژی هەینی بەشێک لە بەرپرسانیان لە شارەکە و شوێنی ڕووداوەکە دوور خستەوە و گازندەی ئەوەیان لێ کردن بەشێک لەو نەهامەتییانەی بەسەریاندا هاتووە ئەوان لێی بەرپرسیارن.
هەر چییەک بێ دیسان کریستیانەکان بوونە قوربانیی ڕووداوێکی جەرگبڕ و ئەوەی هەر لە یەکەم ساتی ڕووداوەکەوە فریای لێقەوماوان کەوتووە و یارمەتی داون هەرێمی کوردستان بووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی خێرخوازی تا ئەم ساتە لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی بە هانای خەڵکەوە بچن.
نەخۆشخانەکان دەرگاکانیان کراوەتەوە و بەگوتەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە یەکێک لەو دەزگایانە بووە هاوکارییەکی زۆری پێشکەش خەڵکە لێقەوماوەکە کردووە، پەنجا و حەوت کەس لە بریندارانی کریستیان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک لە ژێر چارەدان. ئەم بەهاناوەچوونی حکوومەت بۆ ئەو ڕووداوە وایکرد سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی سپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات و هەموو ئەوانەش دەیسەلمێنن کوردستان پشت و پەنای کریستیانەکان بووە و پشت و پەناشیان دەمێنێتەوە.