هه‌فته‌ی ڕابردوو چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی هاووڵاتیان كرا

چواس خالید – هەولێر

له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، حه‌فته‌ی ڕابردوو چه‌ند پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كران، له‌گه‌ڵ ڕۆنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری، سه‌وزكردنی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وامه‌.

له ‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان وپێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ و زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكراون‌.
له‌سه‌ر پێشینه‌ی مانگانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی کەلەکچی، پڕۆژه‌یه‌كی ۆنكرێتكردنی كۆڵانه‌كانی كه‌له‌كه‌چی جێبه‌جێ كرا.
له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا پڕۆژه‌ی قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شه‌قام و كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كی نه‌سیج له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر جێبه‌جێكرا.
گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ سێ سه‌د و چل ملیۆن دیناره‌ و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر و به‌سه‌رپه‌رشتیی تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر پێشكه‌ش كرا، كه‌ به‌ گشتی قیرتاوكردنی هه‌شت كۆڵان و كۆنكرێتكردنی دوو كۆڵان و قیرتاوكردنی شه‌قامێك به‌ مه‌ودای هه‌شت هه‌زار مه‌تر دووجا.
هه‌ر له‌ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ گوژمه‌ی پێنج سه‌د و حه‌فتا و چوار ملیۆن و هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج هه‌زار و نۆ سه‌د دینار، پڕۆژه‌ی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ی گوندی زه‌رگه‌زه‌وی و باوه‌خه‌لان كه‌وته ‌واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
ئه‌و پڕۆژه‌‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و سه‌رپه‌رشتیی ستافی ئه‌ندازه‌یی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت، مه‌به‌سه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌، درێژكردنه‌وه‌ی تۆڕی ئاوی گوندی زه‌رگه‌زه‌وی و باوه‌خه‌لانه‌، له‌ جۆری پۆلی ئه‌سیلین به‌ تیره‌ی جیاواز و به‌ درێژی چوارده‌ هه‌زار و حه‌وت سه‌د و یه‌ك مه‌تر، بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ و چاره‌كردنی گرفتی كه‌م ئاوی له‌ ناوچه‌كه‌.
له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا به‌ گوژمه‌ی سێ سه‌د و حه‌فتا ملیۆن دینار، شه‌قامێكی سی مه‌تری له‌ شاری هه‌ولێر قیرتاوكرا.
له‌ ٢٥ی ئه‌یلولی ٢٠٢٣، پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامێكی سی مه‌تری له‌گه‌ڵ دانانی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی دووی سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر جێبه‌جێ كرا.
جیا له‌وانه‌ و له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری و كەلە‌پووری پارێزگای دهۆك، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی شوێنه‌وار به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمی زانكۆ بیانییه‌كان كه‌وتنه ‌واری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.
هه‌ر له‌ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ سه‌رپه‌رشتی تیمی ئه‌ندازه‌ و هونه‌ریی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی ناو بازاڕی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ كرا، كه‌ قۆناغی یه‌كه‌می قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی ناوبازاڕی شاره‌كه‌یه‌.
له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی ڕابردوو، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامی سه‌ره‌كی و دروستكردنی ئاوه‌ڕۆیه‌ك له‌ خانكێ، به‌ سه‌رپه‌رشتیی تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك جێبه‌جێكرا.
له‌گه‌ڵ بنیاتنان و ڕۆنانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و پێشكه‌شكردنی به‌ هاووڵاتیانی، سه‌وزكردنی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وامه‌ و حه‌فته‌ی ڕابردوو، پڕۆژه‌ی سه‌وزكردنی به‌شێكی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری شاری هه‌ولێر كه‌وته‌واری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.
هاوكات هه‌ڵمه‌تی چاندنی زیاتر له‌ هه‌زار دار له‌ شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری شاری هه‌ولێر، نزیك عه‌نكاوه‌ به‌ ئاراسته‌ی شه‌قامی به‌حركه‌، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جێبه‌چێكرا.
پاشخان:
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ناردنی بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌غدا‌وه‌ به‌ بیانوی بێبنه‌ما، له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رسوڕهێنه‌ره‌، كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ڕۆژانه‌ و هه‌فتانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان نموونه‌ییه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا به‌ به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه‌ و نیوی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه‌ و ئه‌وه‌ له‌ دنیادا كه‌م وێنه‌یه‌.