گەرمیان گلی – ههولێر
كاوە عەلی مامۆستای پەروەردە و دەروونزانی لە زانكۆیی كۆیە لەم چاوپێكەوتنەیدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە بیستراو بینراوەوە دەتوانن زۆر شت بكەن بۆ كەمكردنەوەی ئاماری كوشتن و خۆكوشتن وتیشی: دەزگای ڕاگەیاندن هەبووە لە ڕۆژێكدا زیاتر لە جارێك ڕووداوی كوشتن و خۆكوشتنی پەخش كردووەتەوە؛ ئەمەش خەڵک چاوی لێ دەكات.
زۆرداگەڕانی هۆكارەكانی كوشتن بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- تا كێشەكانی كۆمەڵگا زۆرتر بێ، شەڕاشۆیی زۆرتر دەبێ؛ بە تایبەت كێشەی ئابووری، لەگەڵ ئەوەشدا ئامرازی شەڕەنگێزی زۆر بێ، هۆكارەكانی كوشتن زیاتر دەبێ.
هۆكاری كوشتن جۆراوجۆرە؛ بۆچی؟ - کە دانیشتوان زۆر بوو، هۆكاری کوشتنیش زۆر دەبێ؛ ئێستا كوردستانیش بەرەو زۆری و چڕیی دانیشتوان دەڕوات؛ هۆكارەكانی كوشتن بە پێی شوێن و كاتی كوشتنەكە جۆراوجۆر دەبێ؛ بەشێک لەم كوشتنانە بۆ كێشەی كۆمەڵایەتی و شڵەژانی دەروونی دەگەڕێتەوە.
كێن ئەوانەی خۆیان دەكوژن؟ - سادەترین پێناسە بۆ ئەو كەسانەی خۆیان دەكوژن؛ ئەوانە كەسانێكن هەست بە شادی و ئارامی و ئامانج لە ژیان ناكەن، بەپێچەوانەوە هەست بە ئاڵۆزی و دڵتەنگی و بێبەهایی دەكەن.
ئەو كەسانەی دەستیان دەچێتە خوێندا، هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ - کە ئەقڵ نەتوانێ بگا بە ڕێگاچارەسەر، مێشکی ئاڵۆز دەبێ و، دەست دەبا بۆ توندوتیژی و، لەناوبردن. ئەو كەسانەی بەرانبەر دەكوژن لە ڕووی دەروونی و ئەقڵەوە گەشتوونەتە ئەقڵێك پێیان وایە هیچ چارەسەرێكی دیكە نیە، بەڵام هەندێك جاریش هەر هەڵچوونە وەها ئەقڵی كەسەكە وەها دەكا لەگەڵ كەسانی دیكەدا توندوتیژی بکات، جا ئایا مەبەستی كوشتن بێت یان نا.
ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی كوشتن، كێشەی تازەبابەتی كۆمەڵایەتیە یان كۆنبابەت؟ - ئەو حاڵەتانەی لەكۆندا بونەتە هۆیی كوشتن لەكۆندا واتا كێشە كۆمەڵایەتی یەكانی پێشتر وەك كێشەی زەویی و زارو قەزیەیی شەرەف هەر ماون بەڵام لەئێستادا كێشەو هۆكاری نوێ هاتونەتە ئاراوە وەك ئەوەی خەڵكێ لەسەر پاریی پەپجی خەڵكی كوشتوە یان لەسەر سەرەیی بەنزین كەسی كوشتوە بەڵام هۆكارەكانی كوشتن بابەتی ئالۆزبونی عەقڵ و تێكچونیەتی عەقل و هۆشەی مرۆڤە.
ئەم حاڵەتانە چی كاریگەریەكیان دەبێت لەسەر كۆمەڵگا؟ - ئەگەر كوشتن نەبێتە دیاردە، كاریگەریەكی ئەوتۆی نابێت بەڵام ئەگەر بووە دیاردە ئەو كات كاریگەریەکی خراپی دەبێت؛ کە چەندین جار خەڵک بیستیان لەسەر كێشەیەک كەسێک كوژراوە، ئەوكات منداڵێک، ژنێک، خێزانێک گوێیان لەم هەواڵە دەبێ، تووشی گرێی دەروونی دەبن و دڵیان ڕەق دادەگەڕێ؛ هەست بە نرخ و بەهای مرۆڤبوون ناكەن لە كۆمەڵگادا.
خێزانەكان چی بكەن بۆ ڕاگرتنی كوشتن و خۆكوشتن لە كۆمەڵگدا؟ - خێزان دەبێت ئاگایی لە تاكەكانی بێت؛ نابێ لەسەر شەڕاشۆیی و شەڕەنگێزی پەروەردەیان بكات. پاشان ڕۆڵی قوتابخانە دێت كە چ بكات تا تاكێكی بێوەی و بێمزەڕەت پەروەردە بكات؛ فێری پشوودرێژی و ئارامگرتن و زمانی گفتوگۆیان بكات؛ هەروەها دەزگاكان بە فەرمی و نافەرمی ئەوە، بۆ نموونە لە مزگەوتدا تاک فێری پشوودرێژی بكرێت.
كوشتن لەناو پیاواندا زیاترە وەك لە ژناندا، یان فەرقی نیە؟
- هەرچەندە ئامارێكی ورد لە بەردەستدا نیە بەڵام بە شێوە سروشتیەكەی پیاو زیاتر لە دەرەوەیە، بەركەوتنی زیاترە و، پەستانێكی زیاتری لەسەرە، جیاواز لە ژنان؛ كوشتن لەناو پیاواندا زیاترە.
دەزگاكانی ڕاگەیاندن چی بكەن كوشتن و خۆكوشتن كەم ببێتەوە؟ - دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەتوانن زۆر شت بكەن؛ گرنگی بەو باتەتانە بدات و باسیان بكات كە ئاشتی و ئارامیان پێیە بۆ كۆمەڵگاش؛ ئەوانە زیاتر زەق بكاتەوە نەك ڕووداوێكی كوشتن و خۆشتن دەقەومێ، لە ڕۆژێكدا چەند جارێك باسی دەكات و بڵاوی دەكاتەوە كە ئەمە خەڵكانێك گوێی لێ دەبێت دێت بە خەیاڵیدا و بڵاوی دەكاتەوە.