وەزارەتی تەندروستی: لە نەخۆشخانە حکومییەکان رێگری لە ئەنجامدانی هیچ نەشتەرگەرییەک نەکراوە

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا، دەنگۆی رێگری لە ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەریەک لە نەخۆشخانە حکومییەکان رەتدەکاتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، مەبەست لەو بڕیارەی داویانە رێگەگرتن بووە لە چەند سەرپێچییەک و دیاردەیەکی نایاسایی.

رۆژی شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، “هەندێک پەیجی سۆشیال میدیا بەبێ ئەوەی بڕیارەکە بخوێننەوە یان رای فەرمی وەزارەت وەربگرن، بابەتێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایە وەزارەتی تەندروستی رێگرە لە ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەریەک. بۆ ئەم مەبەستە تەواوی ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندانە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین کەوا راگرتنی نەشتەرگەری دوورە لە راستی و تەنها شێواندنی راستییەکانە بۆ مەرامی چەند بەرژەوەندخوازێک”.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە، راستی ئەو بڕیارە بەمەبەستی رێگەگرتنە لە دیاردەیەکی نایاسایی کە لە چەند نەخۆشخانە و فریاکەوتنێک، سەرپێچی دەکرا لەلایەن چەند کەسێک کە نەخۆش ناچار دەکرا بەکڕینی پێداویستی نەشتەرگەری و دیاردەی کڕین و فڕۆشتنیان لەناو نەخۆشخانەی حکومی لەگەڵ هاووڵاتییان دەکرد، بەبێ هیچ رێکارێک و رەزامەندی فەرمی.

وەزارەتی تەندروستی جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە، بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو سەرپێچییەی داوە و رێگە دەگرێت لە کرین و فڕۆشتنی پێداویستی بە نایاسایی لەناو نەخۆشخانەی حکومی و کەلوپەلی پزیشکی بە هاووڵاتییان بفرۆشرێت.

هاوکات لە روونکردنەوەکەدا وەزاەتی تەندروستی روونیکردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەتی مانگانەی تەرخانکردووە و پێویست ناکات نەخۆش خۆی دابینی بکات و وەزارەتی تەندروستی جەخت لە دابینکردنی پێداویستیەکان دەکاتەوە لەسەر ئەرکی حکومەت نەوەک پێشێلکردنی مافی نەخۆش و کڕینی لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی جەخت لە ئەنجامدانی سەرجەم نەشتەرگەرییەکان لە کەرتی گشتی و نەخۆشخانەی حکومی دەکاتەوە و دیاردەی ناچارکردنی نەخۆش و ناردنی بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی قەدەغە کردووە رایگەیاندووە، سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

لە کۆتایی روونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، “بە پێویستمانزانی بەرچاوڕوونی و دەقی بڕیارەکە بڵاوبکەینەوە بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویست، پیشانی بدەین کەوا هیچ نەشتەرگەرییەک قەدەغەنەکراوە، بەڵکو ئەو بڕیارە لە دژی بەرژەوەندی کەسانێکە کەوا سەرپێچی دەکەن بە وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتییان و فڕۆشتنی پێداویستی ئەنجام دەدەن لەناو نەخۆشخانە، لەهەمان کاتدا لە سۆشیاڵ میدیا هەوڵ دەدەن بابەتەکە بشێوێنن و بە ئاراستەی مەرامی خۆیان ببەن”.