مه‌سرور بارزانی به‌شداری پرسه‌ی قوربانییانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ ده‌كات

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌شداری له‌ پرسه‌ی قوربانییانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ ده‌كات.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 30 ئه‌یلوولی 2023) له‌ شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری پرسه‌ی قوربانییانی رووداوه‌كه‌ی قه‌زای حه‌مدانییه‌ی كرد.

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و به‌رپرسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرسه‌ی قوربانییانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ به‌شداربوو.

درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران لە قەزای حەمدانییە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندار بوون، وێڕای ونبوونی ده‌یان كه‌سی دیكه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و ژمارەیەک لە بریندارانی ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانەوە.

رۆژی 27/9/2023، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا 47 بریندار لە هەولێر و 20 برینداریش لە شاری دهۆک چارەسەریان وه‌رگرتووه‌.