حکوومەتی عێراق سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەستی گەیاندنی سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەکات بۆ یارمەتییەکانیان بۆ قوربانییانی ڕووداوەکەی حەمدانییە.

ئەمڕۆ هەینی 29ـی 09ـی 2023 وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی پێشوازی لە د. ساڵح سەمەد ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، د. خەمیس حوسێن بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

ڕاشیگەیاند: سەردانەکە بەمەبەستی گەیاندنی سوپاس، پێزانین و دەستخۆشی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی بوو، لەبەرامبەر بەهاناوەچوونی قوربانییانی ڕوداووی قەزای حەمدانییە لە پارێزگای مووسڵ و پێشوازیکردن و چارەسەرکردنی برینداران و ناردنی هاوکارییەکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی حەمدانییە.

شه‌وی سێشەممە 26ـی 09ـی 2023 ڕووداوێکی وێرانکەر ڕووی دا، له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگێكی بووکگواستنه‌وه له‌ شارۆچكه‌ی حه‌مدانییه‌‌، ئاگر له‌ هۆڵی ئاهه‌نگه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌، بەپێی ئاماره‌كانیش له‌ ڕووداوه‌كه‌دا زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و سه‌دانی دیکەش بریندار بوون.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان لەبارەی ڕووداوەکە، ڕاستەوخۆ هاتەسەرهێڵ و تیمەکانی فریاکەوتن و ئەمبووڵانسی بۆ پێشوازیکردن لە بریندارانی ڕووداوی سووتانی هۆڵی ئاهەنگەکەی قەزای حەمدانییە ڕاسپارد و بەزووترین کات تیمەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیشی دا کە بریندارانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە لە شاری هەولێر چارەسەر بکرێن، بەشێک لە بریندارەکان گواسترانەوە بۆ هەولێر و دهۆک، لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەری پێویستیان بۆ کرا