ماجد شنگالی: تیمەكانی تەندروستی ھەرێم ھەموو ھاوكارییەكیان پێشكەش بە قوربانییانی حەمدانییە كردووە

ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، تیمەكانی تەندروستی ھەرێمی كوردستان ھەموو جۆرە ھاوكارییەكیان پێشكەش بە قوربانییانی رووداوەكەی حەمدانییە كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023)، ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و دهۆک هەموو هاوکارییەکی تەندروستیان پێشکەش بە قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە کردووە، هەروەها بریندارەکانی رووداوەکەیان گواستوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک.

گوتیشی، دەبێت لێكۆڵینەوەیەكی تەندروستی دروست بكرێت لە رەوانەكردنی ئەو بریندارانەی کە تەندروستیان ناجێگیرە بۆ دەرەوەی وڵات.

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانه‌ی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو، هاتووین لێره‌ ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه‌ به‌ڕاستی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته‌، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد.

لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.