ئانۆ جەوهەر بۆ رەیان کلدانی: مەسیحییەکان لە تۆ بێبەرین

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی لێدوانێکی رەیان کلدانی، گوتی: کلدانییەکان بەتایبەتی و مەسحییەکان بەگشتی لەتۆ بێبەرین.

ئەمڕۆ 28ی ئەیلولی 2023، ئانۆ جەوهەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کوردستان و حکومەتەکەی و سەرکردایەتییەکەی هەمیشە لە پێشەنگی بەرگریکاران و لایەنگرانی هەوڵە مرۆییەکاندا بوون و دەمێننەوە، بەتایبەت هەڵوێستییان بەرانبەر مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق.

ئانۆ جەوهەر لە بەیاننامەکەیەدا بە رەیان کلدانی دەڵێت: تۆیەک کە بە خۆت دەڵێی کلدانی، کلدانییەکان بەتایبەتی و مەسحیییەکان بەگشتی لەو شتانە بێبەرین کە تۆ بانگەشەیان بۆ دەکەیت، ئەوان دەزانن کێ بازرگانی بە خوێنی مەسیحییەکانەوە دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، پاراستنی مافەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستان هەرگیز لە چوارچێوەی سیاسەت و بازرگانیدا نەبووە، گوتیشی: کوردستان بووەتە ماڵی زۆرینەی مەسیحی، ئێزدیی، سائیبەی مەندائی، کاکەیی، زەردەشتی، بەهائییەکان و  پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی دیکەی عێراق.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئەوەشی خستەڕوو، “هەموو ئەوەی لەدوای رووداوە کارەساتبارەکەی ئەم دواییە کردمان خزمەتێکە بە خۆشەویستانمان لە حەمدانییە (بەخدێدا) و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەرکی نیشتمانی و خزمەتی برایەتی و مرۆڤایەتی”.

بەیاننامەکەی ئانۆ جەوهەر دوای ئەوە هات کە رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد، کە بازرگانی بە خوێنی مەسحییەکانەوە دەکات لەپێناو دەستکەوتی سیاسی.

جێی ئاماژە پێدانە، دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانییە، کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاد لە 100 کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد، یارمەتی و هاوکاری لێقەوماوان بکەن.

هەروەها دوای ئاگرەکەی حەمدانییە، نزیکەی 70 برینداری رووداوەکە گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەریان پێویستیان وەرگرت.