نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجومەنی پیرانی ڕۆمانیا بە سەرۆكایەتیی سیناتۆر تیتوس كۆرلاتسیان سەرۆكی كۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی سیناتی ڕۆمانیا كرد كە لە ژمارەیەك لە سیناتۆران و باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق و دیپلۆماتكاران و بەرپرسی نووسینگەی كونسولگەرییان لە هەولێر پێكهاتبوو.
لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی ڕۆمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە بە تایبەتیش لە بواری ئابووری و پەروەردەدا، هەروەها پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان تاوتوێ كرد.
نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی و ڕۆڵ و بەشداریی ڕۆمانیای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا بەرز نرخاند، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆمانیا دووپات كردەوە كە ساڵانێكی درێژە بەردەوام دەرفەتی خوێندن بە قوتابیانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەدات.
لای خۆیانەوە شاندی میوان خۆشحاڵییان بە سەردانەكەیان نیشان دا و جەختیان لە ئامادەیی و خواستی وڵاتەكەیان بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان كردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەربارەی نیازی هاتنی كەرتی تایبەت و چەندین كۆمپانیای ڕۆمانی و میكانیزمی كاركردنیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بیروڕایان گۆڕییەوە.
دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.