دامەزرانی گەورەترین كتێبخانەی کوردستان لە شاری هەولێر

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لە ڕێورەسمێكدا لە شاری هەولێر كتێبخانەی ڤیژن لە زانكۆی كاسۆلیكی عەنكاوەدا كرایەوە؛ كتێبخانەکە بە دیزانێكی مۆدێرن بنیاد نراوە؛ تایبەتمەندیەتیی ئەم كتێبخانەیە ئەوەیە كە كراوە دەبێت بۆ سەرجەم قوتابیانی زانكۆ و زانستخوازانی هەرێمی كوردستان و عێراق.

كتێبخانەكە بە سەرچاوەی ئەكادیمی و زانستی زمانە زیندووەكان دەوڵەمەند كراوە و، ٢٠هەزار كتێبی هەمەجۆر لە زانستە گشتییەكان دەخاتە خزمەت سەردانیكەران.
مێڤان دۆڵەمەری نوێنەری كۆمپانیاكە بە (هەولێر)ی گوت: كتێبخانەی ڤیژن كتێبخانەیەكی گشتییە و كراوە دەبێ بۆ قوتابی و ستافی زانكۆ و گشت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق. دروستكردنی باڵەخانەی پرۆژەكە، لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا دەستیان کردە پرۆژەکە و لە ١ی ئابی ٢٠٢٢ لێ بوونەوە؛ پرۆژەكە لەسەر ڕووبەری ٢٦٥٠ مەتر دووجا دروست كراوە؛ كۆمپانیای ڤیژن ئێجوكەیشن (Vision Education) خەرجی دروستكردنی کتێبخانەکەی کێشاوە.