به‌هۆی ڕووداوكه‌ی حه‌مدانییه‌ سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌هۆی ڕووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌، سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: وەک هاوخەمی و ڕێز لە ڕۆحی قوربانییانی ڕووداوەکەی حەمدانییە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی کرد سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان ڕابگەیێندرێت.

ڕاشیگه‌یاند: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ڕووداوەش، سه‌رۆكی حكوومه‌ت فەرمانی کردووە تیمەکانی تەندروستی و فریاگوزاری، بەدەم قوربانییانەوە بچن و دەرگای نەخۆشخانەکانی کوردستان بە ڕووی بریندارەکان بکرێتەوە بۆ چارەسەری پێویستییان.

شه‌وی ڕابردوو له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگێكی بووك گواستنه‌وه له‌ شارۆچكه‌ی حه‌مدانییه‌‌، ئاگر له‌ هۆڵی ئاهه‌نگه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانیش له‌ ڕووداوه‌كه‌دا نزیكه‌ی له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سه‌دانی تریش بریندار بوون.