تا ئێستا شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ نەچۆتە شوێنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی

تا ئێستا، شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، نەچۆتە ئەو هۆڵەی كە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی تێدا بەستراوە و هیچ ڕوونكردنەوەیەكیش لەمبارەیەوە نییە.
بە گوێرەی زانیارییەكان ، تا كاتژمێر 2:30 خولەكی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی 9ی 2023 و پاش تێپەڕبوونی سێ كاتژمێری تەواو بەسەر دەست پێكردنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، نەچۆتە هۆڵی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی.
پێشتر زانراوە كە كۆسرەت ڕەسووڵ عەلیش بەهۆی باری تەندروستییەوە بەشداریی لە كۆنگرەكەدا ناكات. 
تاوەكوو ئێستا نازاندرێت ئاخۆ بەشدارینەكردنی شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ پەیوەندیی بە ناكۆكی و نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر پۆست و دەسەڵاتەكانی نێو یەكێتییەوە هەیە یاخود نا؟ بەڵام دەرباز كۆسرەت رەسووڵ لە كۆنگرەكەدا بەشدارە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرتیپ وەیسی كەریم، ڕۆژنامەنووسی نزیك لە یەكێتی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ئاشكرای كرد: ”دواى 48 كاتژمێر كۆبوونه‌وه‌ى چڕ و پڕ له‌ نێوان باڵه‌ جیاوازه‌كانى یه‌كێتی بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدانى سه‌ركردایه‌تى و ئه‌نجوومه‌نه‌كان و پرسى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌و حزبه‌، هیچ رێككه‌وتنێكى كۆنكرێتى نه‌كراوه‌ و نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێك.“
هەروەك ڕوونیشی كردەوە: ”ئه‌وه‌ى تاوه‌كوو ئێستا روونه‌، بافڵ تاڵه‌بانى به‌ ته‌نها ده‌بێته‌ سه‌رۆكى ئه‌و حزبه‌ به‌بێ هیچ جێگرێك و 10 كه‌سیش له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تیی نوێ ده‌بنه‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى، وه‌ك باڵاترین ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و حزبه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكەكەیان حزب به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.“
ئاماژەی بەوەش داوە: ”هیچ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر سه‌رۆكى ئه‌نجوومى باڵاى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى یه‌كێتی نه‌كراوه‌. تاوه‌كوو ئێستاش لیستى ناوى ئه‌و 70 كه‌سه‌ى كه‌ شۆرت لیست كراون بۆ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى، یه‌كلا نه‌كراوته‌وه‌ و جیاوازى و ناكۆكیی زۆرى له‌سه‌ر هه‌یه،“ بۆیه‌ هه‌ڵگیراوه‌ بۆ ئەمڕۆ و سبەی.
بە گوتەی ئەو ڕۆژنامەنووسەی نزیك لە یەكێتی،”ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسىی پێشووتری یەكێتی ئاماده‌ نین سه‌ركردایه‌تىی ئه‌و حزبه‌ بەجێ بهێڵن و ده‌یانه‌وێ ببنه‌وه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى.“ لەگەڵ ئەوەشدا ”چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌ كۆنگره، ماڵى مام جه‌لال هه‌موو شتێكیان به‌ دڵى خۆیان تێپه‌ڕاند.“
ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”ناڕه‌زایى له‌سه‌ر ئه‌و كۆنگره‌یه‌ هه‌یه‌، خه‌ریك بوو به‌ر له‌ كۆنگره‌ دابه‌شبوونێك ڕوو بدات، به‌ڵام به‌هۆى كۆمه‌ڵێك هۆكار، هه‌موو باڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌چنه‌ ناو كۆنگره‌، به‌ڵام دواى كۆنگره‌ پێناچێت بارودۆخه‌كه‌ به‌ دڵى ماڵى مام جه‌لال بێت.“
ئەمە لە كاتێكدایە كە تاوەكوو ئێستا دەیان سەركردە و باڵ و گرووپی نێو یەكێتی، بە فەرمی رایانگەیاندووە كە بەشداریی لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیدا ناكەن و بە كۆنگرەی كۆتاییهێنان بە یەكێتی وەسفیان كردووە.