ئانۆ جه‌وهه‌ر به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران به‌شداری له‌ چالاكییه‌كی ساڵانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كلدانی له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

ئانۆ جه‌وهه‌ر به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ گردبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كلدانی له‌ ویلایه‌تی میشیگان له‌ ئه‌مه‌ریكا.

ئانۆ جه‌وهه‌ر به‌ سه‌ردانێك له‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ و به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌شداری له‌ گردبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كلدانی له‌ ویلایه‌تی میشیگان له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.

کلدانەکان لە ئەمریکا و کەنەدا ژمارەیان لە شەش سەد هەزار كه‌س زیاترە و هەمووان بە رەچەڵەک خەڵکی هه‌رێمی کوردستان و عێراقن، به‌شێوه‌یه‌ك تەنیا لە ویلایه‌تی میشیگان ژمارەیان نزیکە لە 200 هەزار ده‌بێت و هەموو ساڵێک بە قەبارەی 18 ملیار دۆلار به‌شداری له‌ ئابووری ئه‌م ویلایه‌ته‌ ده‌كه‌ن.

پێشتر نوێنه‌رانی كلدانه‌كان سەردانی سەرۆک وەزیران مه‌سرور بارزانی-ـیان کرد، له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران  پشتگیری خۆی بۆ ده‌ربڕین به‌تایبه‌ت له‌ کردنەوەی لقەکەیان لە کوردستان و دەشتی نەینەوا و هەروەها کارکردنیان لە کوردستان. هاوكات له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌كانن بۆ هه‌نارده‌كردنی كاڵای كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌ جیاجیاكان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری مرۆیی به‌تایبه‌تی له‌ سێكته‌ری ته‌ندروستیدا.

کلدانەکان لە هه‌رێمی كوردستان، عێراق و جیهان لە هەڵسوکەوتی سەرۆککۆماری عێراق و بەغدا نیگەرانن بەرامبه‌ر به‌ كشانه‌وه‌ی مه‌رسوومی پارتیاركی كاردیناڵ مار لویس ساكۆ.

دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەممووزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.

هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، “کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری”.

سەرتای مانگی ئایاری رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.

هاوکات سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداریدایە حکومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.

رۆژی (دووشه‌ممه‌ 17ـی ته‌ممووزی 2023) ژماره‌یه‌ك مه‌تران له‌ هه‌رێمی كوردستان، عێراق و ده‌ره‌وه‌ نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق كردووه‌ و تێیدا رایانگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای كه‌نیسه‌ی كلدانی له‌ عێراق و جیهان كراوه‌، توندوتیژییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌كه‌یان و سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ پیرۆزی و سێمبۆڵه‌كانیان.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌‌كه‌یاندا رایانگه‌یاندووه‌، ئه‌و بڕیاره‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت و دواتریش ده‌ته‌قێته‌وه‌ و مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی ئاشووبی تایه‌فه‌گه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌رۆككۆمار له‌ به‌رامبه‌ر دروستبوونی ئه‌و بارودۆخه‌، له‌ به‌رده‌م خوا و گه‌ل به‌رپرسیار ده‌بێت. ئه‌وه‌شیان به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، كه‌ تا ئێستا تاوانه‌كانی داعش له‌ دڵ و ده‌روونیان ماوه‌ و ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و تاوانانه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌یانه‌وه‌ دیاره‌.