ئاراس جەنگی باسی چارەنووسی بافڵ و قوباد تاڵەبانی و چارەنووسی موعەمەر قەزافی دەكات

 ئاراس جەنگی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاندراوێكی لەبارەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاو كردەوە و بە ”مەهزەلە“ وەسفی كرد.

ئاراس جەنگی لە راگەیاندراوەكەیدا دەڵێت: ”نەمدەویست هیچ بنووسم لەسەر ئەم وەزعەی کە یەکێتی تێیدایە، چونکە من چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ڕای خۆم گوت کە بەشداریی لەم مەهزەلەیە ناکەم کە ناو نراوە کۆنگرە.“

جەختیشی كردۆتەوە كە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، ”بەشی کۆتایی فیلمەكەی 8ی تەمووزە.“

ئاراس جەنگی ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ”دوای دوو ڕۆژی تر، شتێک نامێنێت بە ناوی یەکێتییەكەی مام جەلال. حزبێکی نوێ‌ لەوانە دروست دەكرێت کە هەردەم لە دژی مام جەلال کاریان کردووە. پێموایە ئێستا کۆمەڵێک کەس دەستیان گرتووە بەسەر یەکێتی و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان بەکاری دەهێنن و خەڵکە تێکۆشەر و ماندووەکانیش پەراوێز دەخرێن.“

هاوكات ناڕاستەوخۆش هۆشداری لەبارەی چارەنووسی بافڵ و قوباد تاڵەبانی كردووە كە هەمان چارەنووسی قەزافییان دەبێت و نووسیویەتی: ”بەداخەوە ئەمەی ئەم کارەش دەكات، دوو کەس بە ناوی کوڕانی مام جەلالەوە دەیکەن کە کۆمەڵێک خەڵکی هەڵپەرستیان لە دەور کۆبۆتەوە، تا ئەو ڕۆژەی لێیان دەقەومێت، ئیتر وەک حەرەسەکانی قەزافی دەکەن. مام جەلال هەرگیز بڕوای بە بنەماڵەكردنی حزب و تێكدانی چەپكە گوڵەكە نەبوو.“

لە كۆتاییشدا داوای لە ”هەمو تێکۆشەرە بە ئەمەکەکانی یەکێتی“ كردووە، خۆیان لە ”كۆتاییهێنان“ بە حزبەكەیان بەدوور بگرن.

موعەمەر قەزافی، لە ساڵی 1969وە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی لیبیا بوو، خاوەنی دەسەڵاتی ڕەها بوو لە وڵاتەكەیدا، لە چوارچێوەی شۆڕشەكانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی لە 2011، لە لیبیاش خۆپیشاندانی فراوانی لە دژ كرا، دواتر بارودۆخی وڵاتەكە بۆ شەڕی ناوخۆیی گۆڕا و سەرەنجام هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی (ناتۆ) دەستێوەردانی سەربازییان كرد بە مەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە لیبیاوە، لە كۆتاییشدا لە ڕۆژی 20ی ئۆكتۆبەری 2011 بە زیندوویی كەوتە دەست ژمارەیەك چەكدار و خەڵكی تووڕە و یاخی و سەرجەم پاسەوانەكانی و ئەو كەسانەی لێی نزیك بوون، هەڵاتن و بە تەنیا جێیان هێشت، خەڵكە تووڕەكە تاوەكوو كوشتیان، لێیان دا و بەم جۆرەش زیاتر لە 40 ساڵی سەردەمی دەسەڵاتی رەهای قەزافی كۆتایی هات