د. ڤیان سەبری: ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیانی بە عێراق گەیاندووە

ڕێکارەکانی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە و شاندێکی کۆمپانیای سۆمۆ، وەزارەتی نەوتی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ لایەنی ئەو وڵاتە لە نزیکەوە لوولەی نەوتی عێراق – تورکیا دوای چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان، بەسەر کردەوە و لە ھەنگاوی یەکەمیشدا نەوت وەک تاقیکاری بە ڕێگەی لوولە ھەناردەی تورکیا دەکرێتەوە. د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان زیانی بە عێراق گەیاندووە.

یەکەم ھەنگاوی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، ھەنگاوەکەش بریتییە لەوەی سەرەتا وەک تاقیکاری، بە ڕێگەی لوولەوە ھەناردەی تورکیا دەکرێتەوە، پێشتر وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاندبوو لەڕووی تەکنیکییەوە لوولەکان ئامادەن و خەریکی ئامادەکارین بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا و یاسای بودجە ھاتووە پێوییستە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.
دوای بڕیاری دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣، لەبارەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ڕاگیرا، بۆ دووبارە ھەناردەکردنەوەی، گفتوگۆکان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا لەم بارەیەوە بەردەوامە.
ڕۆژی سێشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا کرا. ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستە حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.
دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، ھەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت ھەناردە بکات و ڕێکارەکانی ھەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.
د. سەباح حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: ھۆی ئەو تێستە ئەوەیە یەکەم نرخی نەوت لە جیھان زیادی کردووە، دووەم ئەمریکا دەیەوێت دەرھێنانی نەوتی خاو لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، کاتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ نیویۆرک نامەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرای پێدرا کە چارەیەکی سەرتاسەری بدۆزێتەوە بۆ ئەو کێشانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن.
د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لە ٢٥ـی مانگی سێ نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە نەکراوە، بەھۆیەوە عێراق شەش ملیار دۆلار زیانی کردووە، بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، پێویستە بەغدا و ئەنقەرە ڕێکبکەون.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: بەشێوەی تاقیکاری، نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی بەندەری جەیھان کرا و دەرکەوت کێشەی تەکنیکی نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە، بۆیە پێویستە بەغدا و ئەنقەرە بڕیار بدەن دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە.