لە گەڕەکی ژیانی هەولێر، قوتابخانەی حاجی یەحیا ی ١٨ پۆلی بنەڕەتی کرایەوە

دوێنێ، هەریەک لە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەند و ژمارەیەکی تر لەمامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، لە ڕێورەسمێکدا قوتابخانەی (حاجی یەحیا)ی ١٨ پۆلی بنەڕەتییان لە گەڕەکی ژیانی شاری هەولێر کردەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، دوای بەسەرکردنەوەی بەشێک لە هۆڵەکانی خوێندنی قوتابخانەکە، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکە و خەڵک و دانیشتوانی گەڕەکی ژیان، ئاماژەی بەوەدا دانیشتوانی ئەم گەڕەکە شایستەی خزمەتگوزاری زیاترن، گوتی: ئەو گەڕەکە یەکێک بوو لەو گەڕەکانەی کە زۆر پێویستی بەو قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکی تری خزمەتگوزاری پێویست بوو، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەپێی ئەو ئیمکانیاتەی لە بەردەستدا بوو ژمارەیەک لە شەقامەکانی چاککرانەوە و گرفتی ئاوی هەبووە چەند بیرێکی ئاو لێدراون و بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانەی پێویست بوونە بۆ ئەو گەڕەکە جێبەجێمان کردوون، ئەوەشی کە ماوە بە دڵنیاییەوە بەپێی بودجەی بەردەست هەموو داواکارییەکانی خەڵکی ئەو گەڕەکە هەیانە لەپلان و بەرنامەماندایە.
هەروەها پارێزگاری هەولێر دەست خۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە و پەروەردەی ناوەند و تیمی ئەندازەی پارێزگا و هەموو ئەوکەسانە کرد کە بەشێک بوونە لە سەرخستی پڕۆژەکە، سوپاس و ستایشی جیهان گروپ و کوڕانی حاجی یەحیایشی کرد بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە بە کوالێتییەکی بەرز و ڕادەستکردنی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.