ئەنجامی زانکۆلاین ڕاگەیەندرا و هەموو دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران

دوێنێ، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجامی زانکۆلاینی ڕاگەیاند و هەموو قوتابییە دەرچووەکان کە فۆرمی زانکۆلاینیان پڕ کردبۆوە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕاوەتەوە.

د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندن باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پیرۆزبایی وەزارەتی خوێندنی باڵای گەیاندە دەرچووانی پۆلی ١٢ کە لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون و ڕایگەیاند؛ ئەمساڵ هاوشێوەی سێ ساڵی رابردوو هەموو ئەو دەرچووانەی فۆرمیان پڕکردووەتەوە وەرگیراون.
بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندن باڵا، گوتی: بەپێی داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ چل و حەوت هەزار و حەوت سەد و هەشتا و هەشت قوتابی لە پۆلی ١٢ دەرچوون، سی هەزار و شەش سەد و شەست و یەک دەرچووی لقی زانستی بوون، پازدە هەزار و حەوت سەد و شازدەیان دەرچووی لقی وێژەیی بوون، ١٥٩ قوتابیش لە دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان بوون، هەزار و دووسەد و پەنجا قوتابی لە دەرچووانی لقی پیشەیی بوون.
د.خەتاب، ئەوەشی بە مێدیاکان ڕاگەیاند؛ پلانی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی ١٢ لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، بریتی بووە لە شەست و سێ هەزار و سێزدە کورسی.
گوتیشی؛ سی و حەوت هەزار و دووسەد و نەوەت قوتابی لە دەرچووانی ٢٠٢٣ فۆرمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە، دوو هەزار و پێنج سەد و نەوەد قوتابی لە دەرچووانی ساڵی ٢٠٢٢ فۆرمیان پڕکردووەتەوە و شەش هەزار و هەشت سەد و هەشتا و دوو قوتابیش هی ساڵانی ڕابردوو بوون کە لە رێگەی فۆڕمی زانکۆلاینەوە داوکارییان پێشکەش کردووە، کۆی پێشکەشکاران بریتی بووە لە چل و شەش هەزار و حەوت سەد و حەفتا قوتابی کە داواکارییان پێشکەش کردووە. لەم ژمارەیەش چل و دوو هەزار و نۆسەد و هەشتا و پێنج قوتابی وەرگیراون.
د، خەتاب ئەحمەد، سەبارەت بەو قوتابیانەی کە وەرنەگیراون ڕایگەیاند، ئەوانەی کە وەرنەگیراون تەنیا هەزار و سەد و نەوەت و هەشت دەرچووی پۆلی 12ـەن کە ئەوانیش لە نمرەکانیان هاوتای ئەو شوێنانە نەبوون کە لە فۆرمەکانیانیان نوسیوویانە، گوتیشی: بەهۆی ئەوەی ژمارەی کورسی بەتاڵ زۆرە، ئەو خوێندکارانەش وەردەگیرێن.