شەش ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت. کوردستانیان ڕایانگەیاند: سەرۆک بارزانی، دەنگی زۆڵاڵی سەربەخۆیی کوردستانی گەیاندە ھەموو جیھان. مامۆستایانی زانکۆ و شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن: ڕیفراندۆم، پرۆسەیەکی مێژوویی بوو لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا و کوردیش لە پێش ھەموو دونیا بەشێوەیەکی دیموکراسیانە و لەنێو ھەناوی ڕۆژھەڵاتی ناویندا داوای مافی ڕەوای خۆی کرد.

ڕۆژی ٧/٦/٢٠١٧ ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێک ھێنرا، زۆرینەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە و پێکەوە ڕایانگەیاند، کاتی ئەوەیە گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، تا بزانرێت سەربەخۆیی دەوێت، یان دوای ئەو ھەموو نەھامەتییەی بەسەریاندا ھاتووە، دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنەوە، سەرۆک بارزانی، پێشڕەو و پێشەنگی ڕیفراندۆم بوو.
ڕیفراندۆم تەنھا درووشم نەبوو، ڕۆژبەڕۆژ ئاھەنگ و کەرنەڤاڵی فراوان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان ساز دەکرا، بەڵام ھەندێک لەو لایەنانەی لەناو ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا نوێنەریان ھەبوو، نە شانیان دایە بەربانگەشەکردن و نە وەک پێویست کاریان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کرد.
سەرۆک بارزانی، ئەو کات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ھەر خۆی بە پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دەزانی، ئەرکێکی قورسی بەڕێوە دەبرد، ڕۆژانە چەندین شاندی ناوخۆیی و دەرەوەی دەبینی و فشاری زۆریان دەخستە سەر تا لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە، لە ھەمان کاتیشدا سەرقافڵەی بانگەشەکارانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو، ئەو نەک ئەوکاتە، تەنانەت لە دوایین دیداریشی پێش کردنی ڕیفراندۆم لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری کە شەوی ٢٣/٩/٢٠١٨ بڵاوکرایەوە گوتی: ھەر سوورم لەسەر ئەوەی گەلەکەم مافی بڕیاردان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ھەیە.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکانی بانگەشەی ڕیفراندۆم و لەو دیدارانەشی مێدیا ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەگەڵیان دەکرد دەیگوت: ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری خەڵکی کوردستانە، پێشێلکردنی دەستوور، تەوافوق، شەراکەت و نانبڕینی خەڵکی کوردستان بوو، کە ھانی گەلی کوردستانیدا، ڕیفراندۆم بکات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابایە ھەرگیز عێراق بەو ڕۆژە نەدەگەیشت.
عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێکی دیکە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان دەکرد، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ھیچ جێگرەوەیەکی بۆ ڕیفراندۆم نەخرایە بەردەست و بە ھیچ یەکێک لەو داواکاریانە ڕازی نەبوو، چونکە کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ حکوومەت و دەوڵەتی عێراق گەیشتبوونە لووتکە و وەک ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەیانگوت: بەغدا باوەڕی بە ھاوبەشی نەماوە و زیاتر لە ٥٥ بڕگە و بەندی دەستووری پێشێل کردووە، ئەگەر نەتوانین دوو ھاوبەشی ڕاستەقینە بین، باشترە دوو دراوسێی باش بین.
سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧، شەش ساڵ پێش ئێستە بۆ خەڵکی کوردستان وەک جەژنێکی نەتەوەیی بوو، ئەوان تازە لە مەترسی داعش دوورکەوتبوونەوە و بە ئومێدێکی گەورەوە بەرەو سندووقەکان ڕۆیشتن تا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئایا دەیانەوێت سەربەخۆبن، یان لەگەڵ عێراق بمێنەوە، ٩٣% دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و کوردانی تاراوگە بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بە لای گەلی کوردستانەوە، ئازادی لە نان گرنگتر بوو، بە دەنگێکی زوڵاڵ بە جیھانیان گوت: سەربەخۆییمان دەوێ.
بەگوتەی چاودێرانی نێودەوڵەتی، ڕیفراندۆم بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کرا و خاوێنی پرۆسەکەیان بۆ جیھان خستەڕوو، ڕیفراندۆم بڕیارێکی ڕاست و دروستی گەلی کوردستان بوو، ڕۆژی ڕیفراندۆم دیار بوو کوردستانیان تاچەند تامەزرۆی سەربەخۆیین و دەیانەوێت سەربەست و سەرفراز بژین.
پرسی سەربەخۆیی کوردستان، پرسێکی مێژوویی خەڵکی کوردستانە و لە دێرزەمانەوە ھەوڵی بۆ داوە، داوای سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینی لە عێراق کردووە، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی بۆ ھەموو گەلی کوردستان و جیھان ئاشکرا بوو، کە خەونی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە، بۆ ھەمیشە تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان شانازی بە بوونی کاریزمایەکی وەکو سەرۆک بارزانی دەکەن.
خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی دا و ئامادەی ھەموو جۆرە باجێک بوون، کە بەشێک لە وڵاتان دژایەتییان کرد و ھەندێکیشیان بێھەڵوێست بوون، بەڵام عێراق ھێڕشی کردە سەر ھەرێمی کوردستان و گوشارەکانیش بە داخستنی فڕۆکەخانە و سنوورەکان و بڕینی قوتی خەڵک، چڕ کرانەوە.
دواجار لەبەر ھەستیاری دۆخەکە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ڕیفراندۆمی سڕ کرد، بەڵام ئەوەی بۆ کورد گرنگە، ئەنجامی ڕیفراندۆمە، کە بوو بە تاپۆ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، توانرا قەیران و گوشارەکان تێپەڕێنرێن، دواتر دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان کرانەوە، ئەو وڵات و کەسایەتیانەی کە ھەڕەشەیان دەکرد و دژی ڕیفراندۆم دەوەستانەوە، ئێستە زیاتر لە ھەموو کاتێک لە بارێکی ناسەقامگیر و قەیراناویدان و ھەمووشیان پێویستیان بە ھەرێمی کوردستانە.
ھەوار ھاشم، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی و دەستووری و یاساییە، ئەوەی گەلی کوردستان بەر لە شەش ساڵ کردی، مافێکی دەستووری خۆی جێبەجێ کرد، مانای ئەوەی خەڵک بە گشتی ڕای خۆی دەردەبڕێت، خەڵکیش مافی خۆیەتی لەسەر ھەر پرسێک ڕا و بۆچوونی خۆی ھەبێت، ڕیفڕاندۆم بەشێکە لە دیموکراسی و مافی دەربڕین و دیاریکردنی پاشەڕۆژی خۆی، ئینجا ھەر یەکێک دەیکات، بەداخەوە بەغدا ڕیفراندۆمی کردە بیانوو بۆ ئازاردانی میللەتی ئێمە و سنووردارکردنی دەستەڵات و مافەکانی، ھەتا بەزۆر نکۆڵی لە مافی میللەتی ئێمە کرا.
ئەو شرۆڤکارە، دەشڵێ: نەک تەنیا بۆ ئێستە، بگرە بۆ نەوەکانی داھاتووش ڕیفراندۆم بووە ئەو ڕۆژە، کە نەوەکانی داھاتوو دەست بەو خەون و ئامانج و دەستکەوتە مەزنەوە بگرن و بڵێن باب و باپیرانی ئێمە لە پێناو سەربەخۆییدا خەباتیان کردووە و، ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە، لەبەر ئەوەش پێموایە ڕیفراندۆم بۆ ئێستە و داھاتوو، ھەتا کورد ھەیە شانازی پێوە دەکات، خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بکات، بەڵام ئەوەی ڕێگرە لە بەردەم سەربەخۆیی گەلی کوردستان، بەرژەوەندی و سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە، کە دەرفەتیان نەداوە گەلی ئێمە بەو مافەی خۆی شاد ببێت.
وەحید یاقوو، نوێنەری کریستیانەکان کە ئەو کات لە شاندی باڵای ڕیفراندۆم بوو، دەڵێت: شانازی کردنی ڕیفراندۆم بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانە، چونکە بەردی بناغەی سەربەخۆیی دانرا، ڕیفراندۆم بە باشترین بەڵگەی مێژوویی دێ، تا لەو ڕێگەیەوە بگەین بە دەوڵەتی سەربەخۆ، بەتایبەتی بۆ پێکھاتەکانی نێو ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠، لەبەر ئەوەی پێکھاتەکان لەنێو دەوڵەتێک، ئەویش دەوڵەتی کوردستان بێت دەگەن بەو مافانەی بەدەست نەھاتوون.
گوتیشی: ئەوەی خەڵکی کوردستان کردی سەرەتاییترین و سادەترین مافی ھەر نەتەوەیەکە، کە خوا دروستی کردووە، گەلی کوردستان وەک ھەر میللەتێک کە لە ناوچەکەدا دەژیت و دابەشی سەر چەند دەوڵەتێک کراوە، بە داخەوە لە ڕابردوودا جیۆگرافیاکەی ھەمیشە لە ژێر دەستی داگیرکەراندا بووە، ستراتیجی حیزب و شۆڕشەکانی ڕابردوو بۆ دەوڵەت نەبووە، بەڵام ڕیفراندۆم بووە خاڵی وەرچەرخان و بە ھەموو گەلانی دنیا و نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەی گوت، خەڵکی کوردستان داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات.
د. حامد ڕەشید، مامۆستای زانکۆ، دەڵێ: لە ڕۆژی ڕیفراندۆم گەل قسەی خۆی کرد و داوای دەوڵەتی سەربەخۆییان کرد، ھەموو پێوەرێکی دەوڵەتبوونمان تێدایە، سەرۆک بارزانی ڕێبەرایەتی و جەختی لەسەر کردنی دەکردەوە، ڕیفراندۆم ڕووداو و شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەی بوو لە مێژووی گەلی کوردستان و تا ھەتایە کوردستانییەتی کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانی سەلماند.
ڕوونیشیکردەوە: ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی بۆ ھەموو گەلی کوردستان و جیھان ئاشکرا بوو، خەونی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە.