ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق لەژێر مەترسیی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەردایە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ڕۆژ نییە لە میدیاکانی کوردستان و عێراق عێراق هەواڵی گرتنی قاچاخچییەک یان بڕێک مادەی هۆشبەر بڵاو نەکرێتەوە و هەرچەندە ئەمە بە سەرکەوتنێکی گرنگی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان و ئاسایش و پۆلیس هەژمار دەکرێت، بەڵام هێمایە بۆ پەرەسەندنی ئەو مادە مەترسیدارەی کە سەرچاوەکەی دەرەوەی سنوورەکانە و خەریکە مەترسیی زۆر گەورە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەهێنێتە کایەوە.

نوێترین حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەر بۆ دوێنێ یەکشەممە دەگەڕێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێم ڕایگەیاند بە یارمەتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەداواداچوون و چاودێریی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشـی هەولێر دەستیانگرتووە بەسەر ٥١ کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا .
بەپێی راگەیەنراوەکە، لەم هەڵمەتەدا توانراوە سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن و ئەو سێ کەسەش کە دەستگیر کراون گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت ماوەیەکی زۆر خەریکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بووبن. ئەو مادەیەی دەستی بەسەردا گیراوە قەبارەکەی ئەوەندە زۆرە کە بەشی ١٠٠٠٠٠ جار بەکارهێنان دەکات.
ئەمە دەری دەخات ژمارەی بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە کوردستان رووی لە زیادبوونە و لە ساڵانی دواییدا بەشێک لەو تاوانبارانەی لە لایەن هێزەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون تاوانەکەیان پێوەندیدار بووە بە مادەی هۆشبەر.
ئامار و ڕاپۆرتەکان دەری دەخەن بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەرەسەندندایە و سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری قاچاخچی و بازرگانی مادەی هۆشبەر چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە پارێزگاکانی عێراق گیراون و بەشێکیان حوکم دراون بەڵام هێشتا ئەو دیاردەیە نەک کەمی نەکردووە بەڵکوو لە هەڵکشاندایە.
عێراق و هەرێمی کوردستان سنوورێکی زۆر بەرفراوانیان لەگەڵ وڵاتاندا هەیە و درێژترین سنووریش پێوەندیدارە بە ئێران کە سەرچاوەیەکی سەرەکییە لە ب ەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەرە و ڕێگەیەکی ترانزێتە کە ئەفغانستان بە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا گرێ دەدات. قاچاخچییان هەوڵ دەدەن عێراق و هەرێمی کوردستان بکەنە وێستگەیەکی تری بازرگانیکردن و ساخکردنەوەی مادەی هۆشبەر.
حەق وایە حکوومەتی عێراق وەک چۆن لەگەڵ حکوومەتی ئێران ڕێککەوتووە تا رێگری لە پەڕینەوەی هەر چەکدارێک بۆ دیوی ئێران بکات، ئەوا بۆ مادەی هۆشبەریش بە پێچەوانە گوشار بخاتە سەر تاران تا ڕێ لە گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ عێراق بگرێت، ئەگەر ئێران پێی وایە بە چوونی هەر چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆن ئاسایشەکەی دەکەوێتە مەترسی ئەوە هاتنی هەر مادەیەکی هۆشبەریش ئاسایشی کۆمەڵایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.
جێی باسە لە سەرەتای مانگی رابردووش بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان گرتنی ٩ گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەری راگەیاند کە بڕی زیاتر لە ٤٥٢ کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و ٥٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیۆنیان پێ بوو. تەنیا لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمووزی ئەمساڵ ٧١٠ کەس بە تۆمەتی کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە گیراون.
هەر ئەوەش وایکردووە لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو تاوانبارانە بەرز ببێتەوە. دواین ئامار باس لەوە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان ٥٢٠٤ حوکمدراو هەن کە سزای جیاوازی بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە و لەو ژمارەیە ١٠٦٠ کەسیان بەهۆی مادەی هۆشبەر سزادراون کە دەکاتە ٢٠.٢%ی کۆی حوکمدراوان.
دۆخەکە لە عێراق زۆر خراپترە و بازرگانان و قاچاخچیانی هەر دوو بەش بە یەکەوە پێوەندییان هەیە و بۆیەش هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دژی ئەم دیاردەیە دەتوانێت کاریگەری باشی هەبێت.
مانگی ڕابردوو وەزاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ پتر لە ١٢٠٠٠ قاچاخچی و بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر گیراون و چه‌ندین تۆن ماده‌ی هۆشبه‌ریش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌. ژمارەیەک لەوانە له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بازرگانییان كردبوو.
مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ساڵانی رابردوودا زۆر به‌ خێرایی له‌ عێراق په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كرێ، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجانی عێراق ئاڵووده‌ی ئه‌و ماده‌ مه‌ترسیداره‌ بوون. لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە عێراق، دەست بەسەر ٥٠٠ کیلۆ تریاک، ٢ تۆن حەبی کیپتاگۆن، زیاتر لە ٣٠٠٠٠٠٠ حەبی کریستاڵدا گیراوە.
كرانه‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران به‌تایبه‌تی له‌ باشووری عێراق و هه‌بوونی كۆمه‌ڵێك میلیشیا کە لە بەشێکی ده‌روازه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، هۆكاره‌ له‌وه‌ی ئه‌و مادده‌یه‌ به‌ لێشاو بهێنرێته‌ ژووره‌وه‌ و بازرگانی پێوه‌ بكرێت.
بە پێێ ماددەی ٢٦ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کوردستان، ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادددەی هۆشبەرەوە دەکەن بە توندی سزا دەدرێن کە سزای ١٥٠٠٠٠٠٠ تا ٩٠٠٠٠٠٠٠ دینار پێبژاردنی ماددی تێدایە و سزای بەندکردنیش تا هەتاهەتایی دەگرێتەوە.