قوتابخانەی (زادە)ی بنەڕەتی تێکەڵاو لەپیڕەشی هەولێر کرایەوە

دوێنێ، بە ئامادەبوونی هەریەک لە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری هێمن قادر، جێگری پارێزگار و لقمان سعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا قوتابخانەی (زادە)ی ١٢ پۆلی بنەڕەتی تێکەڵاو لەپیڕەش شاری هەولێر کرایەوە، کە بەگوژمەی سێ سەد و شەست و حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار لەلایەن کۆمپانیای ٧٧ دروستکراوە.

لەڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەری ناحییەی کەسنەزان و بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەر و ژمارەیەکی دیکە لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و مامۆستایان ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر و وەزیری پەروەردە بەشێک لە هۆڵەکانی خوێندنی قوتابخانەکەیان بەسەرکردەوە، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکە و خەڵک و دانیشتوانی ناوچەکە، ئاماژەی بەوەدا کە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە لەو ناوچه‌یه‌دا بە کارێکی گرنگ و پێویست دەزانین و هەنگاوێکی تریشە بە ئاڕاستەی پەرەپێدانی زیاتر بەکەرتی پەروردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت، هەروەها دەست خۆشی لە کۆمپانیایی جێبەجێکار کرد بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە و ڕایگەیاند: “ئومێد دەکەین پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە بە هەوڵ و کۆششی مامۆستایانی بەڕێز سەرکەوتنی زیاتر و دەرەنجام و دەستکەوتی بەرزی زانست پتر بۆ قوتابیان و خوێندکاران بەدەستبهێنێ”.