“پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری لە زاخۆ جێ بەجێدەکرێت”

بڕیارە پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری لە وارگەی دەلال کە دەڕوانێتە پردی دەلال و کۆڕنیشی زاخۆ جێبەجێ بکرێت.

جگەرخوێن تاھر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیارە پڕۆژەی تلفریکی وارگەی دەلال لە زاخۆ جێبەجێ بکرێت، پڕۆژەکە لەلایەن وەبەرھێنەری شاری دھۆک جێبەجێ دەکرێت و بەدرێژایی ھەزار و ١٠٠ مەتر بەسەر رووباری خابووردا درێژ دەبێتەوە، پڕۆژەکە لە قۆناغی سەرەتایی دایە، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی.
گوتیشی: پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری ١٨ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت و جگە لە تلفریک چەندین خزمەتگوزاری دیکەی وەک خواردنگە و کافێ و یاری و پارکی ئۆتۆمبێلی تێدایە.
جگەرخوێن تاھر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پڕۆژەکە دوای تەواوبوونی کاریگەری لەسەر ڕەوشی گەشتوگوزار دەبێت لە زاخۆ، بەتایبەتی دوای جێبەجێکردنی کۆڕنیشی زاخۆ گەشتیاری زۆر دێنە زاخۆ ئەگەر تلفریکیش بکرێت ئەوە ڕێژەی گەشتیار زیاتر دەبێت و جوانییەکی دیکەش دبەخشێتە سەنتەری شاری زاخۆ.