دامەزراوەیەکی ژینگەپارێز لە هەرێمی كوردستان: عێراق لە پلەی پێنجەمی‌ ئەو وڵاتانەدایە بە گۆڕانی کەشوهەوا زیانی گەورەیان بەركەوتووە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

مەعروف مەجید سەرۆكی ریكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، توێژینەوەیەكی تازەی بە ناوی (بودجەی عێراق: بوودجەیەكی‌ خاڵی لە چارەسەركردنی كێشەكانی ژینگە) بڵاو كردۆتەوە و كۆپیەكی بۆ (هەولێر) ناردووە.

ئەو لە توێژینەوەكەدا باسی لەوە كردووە كە مەترسییەكان لەسەر ژینگەی‌ عێراق بە جۆرێك پەرەی سەندووە عێراق لە پلەی پێنجەمی‌ ئەو وڵاتانەدایە كە بە هۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیانی گەورەی‌ بەركەوتووە، كەچی لەلایەن حكومەتەوە هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە نەنراوە، بە بەڵگەی ئەوەی لە بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراقدا هیچ بڕە پارەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە تەرخان نەكراوە.
مەعروف مەجید نووسیویەتی: بۆ دڵنیایی بەندە پەیوەندیم كرد بە دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كە یەكێكیان ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بوو، رایگەیاند جگە لەو پارەیەی كە بە ناوی مووچە دیاری كراوە، لە بودجەی تەرخانكراوی ئەمساڵ و دوو ساڵی داهاتوودا هیچ بڕە پارەیەك بۆ ژینگە تەرخان نەكراوە، جگە لە ٤٠٠ملیۆن دینار بۆ پاككردنەوەی زەوییە بە مین چێنراوەكان.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشكرای دەكات، بەمەبەستی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی پەیوەست بە كەشوهەوا، لە بودجەی گشتیدا ٧ملیار دۆلار بۆ وەزارەت و كەرتەكانی تایبەت بە ژینگە تەرخانكراوە.
تەرخاننەكردنی هیچ بڕە پارەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشە ژینگەییەكان لە عێراق، بووەتە جێگەی ناڕەزایی و رەخنەی ڕێكخراوی و چالاكوانانی تایبەت بە ژینگە.
هەر لە توێژینەوەكەدا هاتووە كە ڕوانگەی “عێراقی سەوز” كە رێكخراوێكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە و دەستنیشانكردنی كێشە و قەیرانەكانی دۆخی ژینگەی عێراقە و لەلایەن كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و چالاكوانەوە لە بوارەكانی مافی مرۆڤ و ژینگەدا بەڕێوەدەبرێت، ڕایگەیاندووە بودجەی عێراق لە وشەی وەکو “بەبیابانبوون یان وشكەساڵی، پیسداگەڕانی ژینگە و تەنانەت گۆڕانی كەشوهەوا” خاڵییە. ئەوە لەكاتێكدا محەمەد شیاع سوودانی لە كارنامەی دەستبەكاربوونی كابینەكەیدا ڕایگەیاندبوو بایەخی تایبەت بە پرسە ژینگەییەكان دەدەن چونكە كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان هەیە.
توێژینەوەكە ئاماژەی بەوە داوە كە دیارترین كێشە ژینگەییەكانی عێراق بریتین لە قەیرانی بوونەبیابان، وشكەساڵی و مردارەوەبوونی ئاژەڵان لە ناوچە جیاوازەكانی وڵاتدا، زیادبوونی خۆڵ و خاشاك و پڕۆژەكانی ڕیسایكلین، كەمی رێژەی سەوزایی و چەندین كێشەی دیكە. چالاكوانان و خەمخۆرانی ژینگە دەڵێن ئەو پرسانە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوە و بودجەی تایبەتی هەیە و تەنها بە كۆنفرانس و كۆبوونەوە چارەسەر ناكرێ. ئەو فەرامۆشكردنەی ژینگە لەكاتێكدایە لە حكومەتی عێراق وەزارەتێكی تایبەت بە ژینگە و لە پەرلەمانیشدا لیژنەیەكی تایبەت بە هەمان پرس هەیە. ئەم بێباكییە بەرامبەر ژینگەی وڵات لەكاتێكدایە، عێراق ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووەتەوە، شەڕ و جەنگەكانی ماوەی ٤٠ ساڵی رابردووشدا هێندەی دیكە ژینگە و ژیانی عێراقیان شێواندووە و كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر سەرچاوەكانی ئاو هەبووە.
عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی لەمێژە بەدەست وشكەساڵی و گەرمای سەختەوە دەناڵێنێت، سەرباری شەپۆلە بەردەوامەكانی خۆڵبارین و زیادبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە بەهۆی پیسداگەڕانی کەشوهەوا بەو ژەهراوەی لە كێڵگە نەوتییەكانی باشوورەوە سەرچاوە دەگرێ.
لە بەشێكی توێژینەوەكەدا هاتووە كە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا عێراق وشكترین وەرزی لە ماوەی دەیان ساڵدا بەخۆیەوە بینیوە، پلەكانی گەرما (نزیكەی ٥٠ پلەی سەدی)ی تێپەڕاندووە. لەكاتێكدا پلەكانی گەرما بەردەوامن لە بەرزبوونەوە، یەدەگی ئاو بەردەوام لە دابەزیندایە، ئەمەش بووەتە هۆی خراپترین وشكەساڵی لە ماوەی ٤٠ ساڵدا. بەرپرسانی عێراقی ئاشكرای دەكەن ئاستی یەدەگی ئاو لەمساڵدا بۆ نیوە دابەزیوە، ئەمەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی شێوازی كەشوهەوا. لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)، سەرچاوەكانی ئاوی خوارووی عێراق تاڕادەیەك چاكبوون، بەهۆی هەوڵە بەرفراوانەكانی نۆژەنكردنەوە كە گروپە نێودەوڵەتییەكانی وەك بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوبەشە ناوخۆییەكانی تێدا بەشداربوون. بەڵام لە ئەنجامی پلەی گەرمی زۆر و وشكەساڵی توند و پڕۆژەی بەنداو كە لەلایەن حكومەتەكانی دراوسێوە لە سەر دوو ڕووبارەكە دروست دەكرێن، ڕەنگە دوو سەرچاوەی سەرەكیی ئاوی شیرین تا ساڵی (٢٠٤٠) بە تەواوی وشک دا گەڕێن، ئەگەر هیچ ڕێوشوێنێك بۆ ڕێگریكردن لەم كارە نەگیرێت بەر.
ئەگەر ئەم كێشانە چارەسەر نەكرێن، پێشبینی دەكرێت كەلێنی نێوان یەدەگی ئاو و خواست لەسەری تا ساڵی (٢٠٣٥) نزیکەی (٥ بۆ ١١) ملیار مەتر سێجا گەشە بكات.
بەپێی ئامارەكان، بە بەراورد بە دەیەی ڕابردوو ژمارەی زریانی خۆڵبارین لە ٢٤٣ ڕۆژەوە بۆ ٢٧٢ ڕۆژ لە ساڵێكدا زیادی كردووە. عێراق لە ساڵی (٢٠٢٢)دا لە ماوەی نزیكەی دوو مانگدا دە زریانی خۆڵی بەخۆیەوە بینیوە، بە بەراورد بە تێكڕای ساڵانە یەك بۆ دوو زریان لە دەیەكانی ڕابردوودا.
لە ساڵی (٢٠٢٢)دا، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی، دە هەزار كەس لە ئەنجامی زریانەكانی خۆڵبارینەوە لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون. جگە لەوەش تێكچوونی بارودۆخی كەشوهەوا لەگەڵ پشتگوێخستنی ژێرخانی ئابووری، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بوونەبیابان، ئێستاکە نزیكەی (٣٩%) ڕووبەری عێراق دەگرێتەوە. لە ئەنجامدا ساڵانە وڵات نزیكەی ١٠٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی كشتوكاڵی لەدەست دەدات.
وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشكرای كردووە، عێراق ڕۆژانە ٢٠هەزار تۆن خۆراك بەفیڕۆ دەدات، كە شارەزایان بەبەهای ٨ملیۆن دۆلار مەزەندەیان كردووە. عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەدا پۆلێن كراوە كە زۆرترین خۆراك بەفیڕۆدەدەن، ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی داب و نەریتی كۆمەڵایەتییەوە هەیە، بەو پێیەی پاشماوەكان نزیكەی (٤٣%) كۆی پاشەڕۆی وڵات پێک دەهێنن. لە سەرتاسەری عێراقدا بڕی پاشماوەی پاشماوەكان دەگاتە ٢٠هەزار تۆن لە ڕۆژێكدا.
“ئەگەر بڕی ئەو خۆراكانەی ڕۆژانە لە عێراق بەفیڕۆ دەچێت (٢٠هەزار تۆن) بە بەهای دانەوێڵە حیساب بكرایە، كە نرخی یەك تۆن لەو بڕە دەگاتە (٤٠٠) دۆلار. واتە عێراق زیاتر لە ٨ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێكدا زیانی پێ دەگات. كەواتە هەر تاكێكی عێراقی ڕۆژانە (٥٤٠) گرام پاشماوەی خۆراكی هەیە. ژمارەی دانیشتوانی ٣٧ملیۆن كەسە.
وەزیری ژینگەی عێراق رایدەگەیەنێ بەهۆی كێشەی بوونوبیابانەوە عێراق ساڵانە ١٠٠هەزار دۆنم لەدەست دەدات. بەگوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی سەنتەری پولیتزەریش وشكەساڵی بووەتە هۆی ئەوەی عیراق (٤٩%) بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی بەفیڕۆ بدات.
هۆشدارییەكان لە كاردانەوەكانی وشكەساڵی لە عێراقدا، تەنیا لە ناوخۆی وڵاتدا نەماوەتەوە، بەڵكو گەیشتۆتە ئاستی نێونەتەوەیش. لەوبارەیەوە ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان “فاو” هۆشداری دەدات لە دەرئەنجامە مەترسیدارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و كەمئاوی لەسەر هۆڕەكان و بەخێوكەرانی گامێش لە باشووری عێراق، رێكخراوەكە جەخت لەوە دەكاتەوە بۆ ماوەی چل ساڵە هۆڕەكان شایەتیی توندترین شەپۆلی گەرمان، سەرباری كەمبوونەوەی كتوپڕی ئاو لە ڕووباری فوراتەوە.

مەعروف مەجید دیاترین گرفتە ژینگەییەكانی دەستنیشان كردووە كە لە عێراقدا كە پێویستیان بە چارەسەری خێرای حكومی هەیە، بریتین لە:

دزەكردنی نەوت
زۆرێك لە ڕژانەكان لە ئەنجامی زیانەكانی ژێرخانی نەوتی عێراقەوە بووە. هەروەها نەبوونی دامەزراوەی تایبەت بە پاككردنەوەی ئاو لە پاڵاوگەكانی عێراق، بووەتە هۆی پیسداگەڕانی ئەو دامەزراوانە، ئەوەش مەترسیەكی زۆری خستووەتە سەر بۆ دانیشتووانی عێراق.

ئاوەڕۆ
بە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری، بەشێكی زۆری دانیشتووان ئاو و سیستەمی پاكوخاوێنی پێویستیان نییە.

تەقەمەنیی نەتەقیو
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە سێ جەنگدا (جەنگی ئێران-عێراق، شەڕی كەنداو، جەنگی عێراق) تەقەمەنی و مینی چێندراوی نەتەقێنراو لە شوێنە بەركەوتووەكاندا بەجێ هێشتوە. بەپێی هەندێك خەمڵاندن لە سەرەتای ٢٠٠٠ـەكانەوە نزیكەی ١٠٠هەزار كەس كوژران یان بریندار کەوتوونە.

پیسداگەڕان
ئەو شوێنانەی كە پاشماوەكانی شارەوانی و پزیشكییەكانی تێیدا كۆ دەكرێتەوە، مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشینی واگیرداری لێ دەکرێ. لەناوچوونی كەلوپەلی سەربازی و پیشەسازی لە سەردەمی جەنگدا هەروەها كانزا قورسەكان و ماددە مەترسیدارەكانی تر، كە مەترسین بۆ هەوا و خاک و ئاوی ژێر زەوی.

ئۆتۆمبیلی زۆر
یەكێكی تر لەو گرفتانەی عێراق بە دەستیەوە دەناڵێنیت زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبیلی كەسییە كە ئێستا عێراق گەورەترین گرفتی هەیە، وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق بە كوردستانیشەوە ٧ملیۆن و ٤٦٠هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەت تۆمار كراوە، بەهۆی نەبوون یان كەمی هۆكاری گواستنەوەی گشتی و نەبوونی هۆكاری گواستنەوەی ئاسمانی لەنێوان شارەكان و نەبوونی هیچ ڕێگەیەكی دەریایی بۆ بەكارهێنانی هاووڵاتیان وەكو جێگرەوەی ئۆتۆمبیل.

وزەی خاوێن
گرفتێكی تری ژینگەیی لە عێراق نەبوونی سەرچاوەی وزەی خاوێنە بۆ بەدەستهێنانی وزەی كارەبا. چونكە تائێستا‌ عێراق بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پشت بە سووتەمەنی دەبەستێت، یاخود لە رێگەی مۆلیدەوە كارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت.
عێراق بە دەست دەیان كێشە و گرفت و قەیرانی ژینگەییەوە دەناڵێنێت كە كابینە یەک لە دوای یەكەكان بە كابینە نوێیەكانیان سپاردووە، ئەگەر بەم شێوەیە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار مامەڵە لەگەڵ ژینگە بكەن، ئاخۆ دەبێت ژینگەی داهاتوومان دەبێت بە كوێ بگات؟ ساڵانە چەندین كۆنفرانس و كۆنگرەی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان بۆ مەترسییە ژینگەییەكان ساز دەكرێت، ئایا رۆڵی عێراق چییە بۆ ئەوەی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی داوای هاوكاری نێودەوڵەتی بكات؟