هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

چەند لایەنێکی سیاسیی لە عێراق دژی هەموو لێکنزیکبوونەوەیەکی هەولێر و بەغدان

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

تادێت، ئەوە ڕوونتر دەبێتەوە، کە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ئیرادەی خۆی و دەستوورەکەی و تەنانەت بەرنامەی کابینەکەی خۆی بسەپێنێت بەسەر هەموو لایەنە سیاسییەکاندا و چەند لایەنێکی سیاسی هەن، لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا تەنیا کاروچالاکیەکیان هەبێت تێکدانی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەرنەگرتنی ئەو بڕیارانەیە کە مۆرکی شەراکەت و تەوافق و تەوازنیان لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق پێوە دیارە. تەنانەت ئەو لایەنانە بێ گوێدانە ئەوەی بەرژەوەندی خەڵکی عێراق لە کوێدایە بڕیاری کەسانی دیکەیان پێیە و جێبەجێی دەکەن.

زۆرینەی پەرلەمانی و دەستوور
بە گوتەی شارەزایەکی سیاسی، یەکێک لەو کێشانەی بەرۆکی عێراقی نوێی گرتووە، کار کردنە بە زۆرینەی پەرلەمانی لەو بڕیارانەش کە پەیوەندی بە پێکهاتەکانی عێراقەوە هەیە. باس لەوە دەکات، دەستووری عێراق، هەرگیز ڕێگا بە جیاکاری لە ماف و ئەرک نەداوە لە نێوان هاوولاتیانی عێراق، بە سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبیەکانیشەوە، بەڵام ئیستا دۆخێک لە عێراق دەگوزەرێت کە هیچ پەیوەندی بەو بنەمایەوە نییە و زۆرینەی پەرلەمانی بووەتە بەڵای گیانی پێکهاتەکان و ئەمە وایکردووە تەنانەت لەنێو لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش دژایەتی هەبێت و تەنانەت سوننەکانیشی دابەش کردووە و شیعەکانیشی لەتوپەت کردووە. بە بڕوای ئەو چاودێرە، ئەگەر پەرلەمان سەرچاوەی یەکلاکردنەوەی گرفتەکان بێت، لە کۆتاییدا هیچ حکوومەتێکی سەرکەوتوو لە عێراقدا بوونی نامێنێت و جار لەدوای جار سیمای حکوومەت کاڵ دەبێتەوە و کوتلە و دەسەڵاتی پەرلەمانی کە بە هەڵبژاردنێکی ناشەفاف دروست دەکرێت کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک دەکات و ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ زەوتکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بە کورد و تورکمانیشەوە.

کارتی فشار لە دەرەوەی عێراقە
لێکدانەوەکان بەو ئاراستەیەن، ئەو گوشارانەی لەسەر هەندێک پێکهاتەی سیاسین لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، گوشاری ئیقلیمین زیاتر لەوەی گوشاری عێراقی بن. باس لەوە دەکرێت، هەندێک لایەنی شیعە، تەنانەت بە ئاشکراش ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەوان هیچ پابەندییەکان بەرامبەر دەستووری عێراق نییە و ئەو دەستوورە گوزارشت لە خواستی ئەوان ناکات. لەماوەی ڕابردوودا، دژی ئەو لایەنانەی کەوا بە ئاشکرا بانگەشە بۆ ئەجێندای وڵاتانی دیکە دەکەن خۆپێشاندانی فراوان لە عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام دواجار هیچیان لێ شین نەبوو ئەو خۆپێشاندانانە و بگرە کابینە لەدوای کابینە بەهۆی زیادبوونی نفووسیانەوە لە هەڵبژاردنەکان بەهێزتر دەردەکەون و دەسەڵاتیشیان بەسەر هەموو لیژنەکانی پەرلەمانی عێراقدا شکاوەتەوە.

گوشاری سیاسی و ڕێکاری یاسایی
بەرلەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، چەند لایەنێکی عێراقی ڕەوایەتییان بە برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدا، بەو بەهانەیەی ڕێکاری یاساییە. بەڵام ئیستا بە ددان پێدانانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییە داراییەکانی لە بودجەدا جێبەجێ کردووە، ئیتر خواستی ئەو لایەنانە ئاشکرا بوو، کە بابەتەکە پەیوەندی بە ڕێکاری یاساییەوە نییە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمان هەموو هەوڵێکیان گرتووەتە بەر بۆئەوەی حکوومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەی بۆ نەنێردرێت کە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی بۆ ڕاسپاردووە. ئەو پەرلەمانتارانە بە پشت بەستن بە دادگای فیدڕاڵی کە سابیقەیەکی لایەنگرانەی هەیە دژی هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئەوە لە سوودانی دەکەن بە ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا دەکەن. بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق ناتوانێت هیچ بیانوویەک بهێنێتەوە بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان و تەنیا بەربەستێک لە بەردەم حکوومەتی عێراق و هەرێمدا مابێت بۆ ڕێککەوتن بەهێزی ئەو لایەنانەیە کە بەرژەوەندیان لەوەدایە دژایەتی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن و ڕێککەوتبەکانی نێوانیان جێبەجێ نەبێت.