ڤیان سەبری:ئەو بابەتە بە سیاسی کراوە و ھەندێک لایەن نایانەوێت لە ئێستەدا تێپەڕێنرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیار بوو پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بدات، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان کۆبوونەوەکە نەکرا. فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان بە مەرجی ئەوەی تەلەعفەر و فەلووجە بکرێن بە پارێزگا ئامادەن دەنگ بە پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بدەن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو بابەتە بە سیاسی کراوە، ھەندێک لایەن نایانەوێت ئەو بابەتە لە ئێستەدا تێپەڕێنرێت.

‌ھەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانی عێراقە، مێژووی بە قەزاکردنی شارەکە بۆ ساڵی ١٨٨٩ دەگەڕێتەوە، واتە لە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی ھەڵەبجە زیاتر لە سەد و سی و پێنج ھەزار کەسە، ڕووبەرەکەی ١٥٩٩ کیلۆمەتر چوارگەشەیە، پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکھاتووە، قەزای ناوەندی ھەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
ڕۆژی ٢٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی ھەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە ١٢٠٣٤ ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە ھۆکار بۆ ئەوەی ھەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە کۆتاییان ھاتووە، بەڵام تا ئێستە ڕێککەوتنی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق نەکراوە تاکو ھەڵەبجە بە ١٩ـەیەمین پارێزگای عێراق بناسرێت.
پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە لە چوار ماددە پێک ھاتووە، کە ئاماژە بەوە دەکات، ھەڵەبجە دەبێتە پارێزگای ١٩ـەیەمینی عێراق و لە سنووری ئیداری ھەرێمی کوردستان دەبێت و قەزای ھەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە.
لە پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق سنووری ئیداری و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای ھەڵەبجە دەستنیشان دەکەن.
بۆ بەرژەوەندی گشتی و بەھۆی فراوانبوونی گەورەی ئاوەدانی و دانیشتووانی شاری ھەڵەبجە و بەھۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا ھاتووە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی لەلایەن ڕژێمی لەناوچوو لە ئاداری ساڵی ١٩٩٨ـدا بە چەکی کیمیایی قەدەغەکراو ھەروەھا بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پێگە جیھانییەی ھەیەتی، بەھۆی ئەو قوربانییانەوە، ڕەشنووسی بە پارێزگا بوون پەسەندکرا. فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێشتر ھۆشداریان دابوو کە دەبێت دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە لە کارنامەی دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنج شەممە دابنرێت، بەڵام بەھۆی ناڕەزایی فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان ئەستەمە ئەو بابەتە وا بە ئاسانی تێپەڕێندرێت.
فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان ھەموو یەکدەنگن دەیانەوێت پەرلەمان دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بدات. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو بابەتە بە سیاسی کراوە، ھەندێک لایەنی سیاسی ھەن نایانەوێت ئەو بابەتە لە ئێستەدا تێپەڕێنرێت.